پێنجشەممە 10 ئازار 2022

پەیامی سەرۆک بارزانی بە بۆنەی چوارەمین ساڵیادی دەستپێکردنی کەناڵی ئاسمانی زاگرۆس بە زمانی عەرەبی  



به‌ناوی خوای گەورەو میهرەبان

بۆ ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان

لە چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی کەناڵی ئاسمانی زاگرۆس به‌ زمانی عه‌ره‌بی پیرۆزباییه‌كی گه‌رم له‌ سه‌رپه‌رشتیار و بۆردی ده‌زگا و سه‌رجه‌م كارمه‌ندان ده‌كه‌م و هیوای بەردەوامی و پێشکەوتنتان بۆ ئەخوازم.

کردنەوەی کەناڵی ئاسمانی زاگرۆس به‌ زمانی عه‌ره‌بی پێویستییەکی زۆر گرنگ بوو لەبواری راگەیاندن و ئاخافتن لەگەڵ ڕای گشتی عەرەبی لە عێراق و وڵاتانی عەرەبی و دروستکردنی پردی پەیوەندی بۆ گفتووگۆ و پێکەوە ژیانی هاوبەش لەنێوان گەلان کە خزمەت بە پرسی ئاشتی و گەشەپێدان بكات و گواستنەوەی وێنەی راستەقینەی پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان لە سەرجەم بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابوری و گشەپێدان و سیاسی بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لێبوردەیی و یەکترقبوڵکردن.

بەم بۆنەیەوە هیوای سەرکەوتن و بەردەوام بوونتان بۆ دەخوازم لەچوارچێوەی ئەو پێشکەوتنانەی لەبوارەکانی راگەیاندا هاتوەتەکایەوە لەپێناو بڵاوکردنەوەی هۆشیاری برایەتی و لێبوردەیی و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و ڕقوکینە کە ئامانجی گەلی کوردستانی ئازادی خوازە

مسعود بارزانی
١٠ـی ئاداری ٢٠٢٢