بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بە بایەخەوە بەدواداچوون بۆ پەرەسەندنەكانی ئەم دوایە دەكەین و پێشوازی لە هەر هەنگاوێكیش دەكەین كە كاریگەری لەسەر چارەسەركردنی قەیرانەكە هەبێت و ڕێگە لە ڕووخان و فەوزا یان گەڕانەوە بۆ سەردەمی دیكتاتۆرییەتی شووم بگرێت. لە هەر گۆڕانكارییەكیشدا پێویستە مافی هەموو پێكهاتەكان ڕەچاو بكرێت و، هەر گۆڕانێك دەبێ بەپێی میكانیزمە دەستوورییەكان بێت. هەروەها ئامانج لێی چەسپاندنی ئاساییش و سەقامگیری و باڵادەستیی یاسا بێت و داواكارییە ڕەواكانی جەماوەری بەشخوراویش بەدی بهێنێت.
هەر لێرەدا ئیدانەی توندوتیژییە بەردەوامەكان و كوشتنی خەڵكی بێگوناح دەكەین و، سەرەخۆشیش لە كەسوكاری شەهیدان دەكەین و هیوای چاكبوونەوەی خێرایش بۆ برینداران دەخوازین.
مسعود بارزانی
30ـی 11ـی 2019