سێشەممە 14 نیسان 2020

پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی جەژنی سەری ساڵی ئایینی ئێزیدی



بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی سەری ساڵی ئایینی ئێزیدی، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی هەموو خوشك و برایانی ئێزیدی لە كوردستان و جیهان دەكەم و هیوای بەختەوەری و كامەرانیان بۆ دەخوازم.

خوشك و برایانی ئێزیدی، وەک بەشێکی دانەبڕاوی گەلەکەمان، ئێش و ئازاری زۆریان بینیوە و دوژمنانی گەلەکەمان بەهەمان ئامانجی ئەنفال و کیمیاباران، جگە لەوەی بە دڕندانەترین شێوە ڕق و کینەی خۆیان بەسەر ئێزدییەکانیشدا ڕشتووە، لە هەمانکاتیشدا زۆرترین توانایان بۆ دابڕاندنی خوشک و برایانی ئێزدی لەگەلەکەمان خستۆتەگەڕ، بەڵام لەبەرانبەر ئیرادەی بەهێزی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرانەی ئێزدییەکاندا، هەوڵەکانی دوژمن بێ ئاکام بووە.

لەو بۆنەیەدا خوشك و برا ئێزیدییەكان و هەموو پێكهاتەكانی تر لەوە دڵنیا دەكەمەوە كە كوردستان وڵاتی پێكەوەژیانە و دەبێ ئەوە فەرهەنگە دەوڵەمەندە بپارێزین و برایەتی و تەبایی فراوانتر بكرێت.

هیوادارم هەموو جەژن و بۆنەكانتان بە شادی و ئاسوودەیی بەڕێ بكەن و بمێنن بە خێر و خۆشی.

مسعود بارزانی
۱٤ـی٤ـی٢٠٢٠