دووشەممە 11 کانونی یەکەم 2023

پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ یادی حەفتاویەك ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان



بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

به‌ڕێزان سكرتێر و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سكرتاریه‌تی یه‌كێتیی ئافره‌تانی كوردستان،
به ‌بۆنه‌ی حەفتاویەكەمین ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌کێتی ئافره‌تانی کوردستان، پیرۆزبایی گه‌رم ئاراسته‌ی ئێوه‌ و هه‌موو ئه‌ندامانی رێکخراوه‌ تێکۆشه‌ره‌که‌تان و سەرجەم ئافرەتانی کوردستان ده‌که‌م.

یه‌کێتیی ئافره‌تانی کوردستان، ئەزموونێكی دەوڵەمەند و بێوێنەی دەستپێكی بەشداری و پێگەیاندنی ئافرەتی كوردستانی لە ژیانی سیاسی بووە و ڕۆڵی لە خەباتی گەلەكەمان و هەروەها ناساندن و بەرگریكردن لە مافەكانی ئافرەت بەرچاو و دیارە.

هەمیشە ئەو چاوەڕوانییە لە یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان هەیە كە سەرچاوەی هۆشیاریی نەتەوەیی و نیشتیمانی و پیشەیی بن بۆ سەرجەم ئافرەتانی كوردستان و كار بۆ پاراستنی مافەكانی ئافرەت لەنێو خێزان و شوێنی كار و گۆڕەپانی سیاسەت و كایەكانی تری كۆمەڵگەدا بكەن.

مسعود بارزانی
11ی كانوونی یەكەمی 2023