یەکشەممە 6 ئەیلوول 2020

پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ كۆچی دوایی عەلی سنجاری  



بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە داخێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی سیاسەتمەدار و تێكۆشەری ناسراوی گەلەكەمان و ئەندامی پێشووی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان (عەلی سنجاری)ـیمان بیست. خوالێخۆشبوو عەلی سنجاری بە درێژایی تەمەنی خەباتی سیاسیی خۆی لە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و قۆناغی دوای ڕاپەڕیندا پێشمەرگە و كەسایەتیەكی خاوەن هەڵوێست و وەفادار بە ڕێبازی پارتی و كوردایەتی بوو. هەمیشە لە خەبات و تێكۆشانی سیاسی و جەماوەریدا ئەركەكانی دڵسۆزانە و ماندوونەناسانە بە جێ گەیاندووە و، لەدەستدانی خەسارەتێكی گەورەیە.

سەرەخۆشی لە خۆمان و خانەوادەی تێكۆشەری عەلی سنجاری و تەواوی دۆست و هەڤاڵانی دەكەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم. لە خودای مەزن داواكارم خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامیش بە هەموو لایەك ببەخشێت.

انا للە و انا الیە راجعون

مسعود بارزانی
6ـی ئەیلوولی 2020