شەممە 4 نیسان 2020

په‌یامی پیرۆزبایی سەرۆك بارزانی به‌بۆنه‌ی ساڵیادی بە ئاشكرا دەرچوونی رۆژنامەی(خەبات)



بەناوی خوای مەزن و میهرەبان

بەڕێزان سەرنووسەر و رۆژنامەنووس و كارمەندانی رۆژنامەی خەبات


سڵاو و ڕێز

بەبۆنەی یادی ٦١ ساڵەی به‌ئاشكرادەرچوونی رۆژنامەی (خەبات) ـەوە گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەكەم و هیوای به‌رده‌وامی و پێشكه‌وتن و سه‌ركه‌وتنی زیاترتان بۆ ده‌خوازم.

‌ ڕۆژنامه‌ی خه‌بات و بزاڤی ڕزگاریخوازانه‌ی گه‌له‌كه‌مان پێكه‌وه‌ گرێ دراون و له‌م بۆنه‌یه‌دا جارێكی دی جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ كه یادكردنه‌وه‌ی ساڵڕۆژی ده‌رچوونی ڕۆژنامه‌ی خه‌بات، یادكردنه‌وه‌ی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌، یادكرنه‌وه‌ی ڕۆژانێكی سه‌خت و تاڵ و ناخۆش و ڕۆژانێكی پڕ له‌سه‌روه‌رییه‌.
رۆژنامەی(خەبات)، ئه‌و شانازییه‌ی هه‌یه‌ كه‌ وێڕای ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌ركی خۆی له‌ بواری ڕاگه‌یاندن و بره‌ودان به‌ ئاستی ڕۆشنبیری و هوشیاریی خوێنه‌ران، بەردەوام بەرگری لە مافه‌كانی گەلەكەمان كردووە و مینبەرێك بووە بۆ زیاتر چەسپاندنی پەیامی پێكەوەژیان و لێبوردەیی.
خه‌بات، تا ئێستاش، له‌ڕووی پەیڕەوکردنی ئاکاری پیشەیی، داكۆكیكردن لە مافی هاووڵاتیان، پەرەپێدانی گیانی لێبوردەیی و پێكەوە ژیانی برایانەی هەموو چین و توێژكانی گەلەکەمان سه‌رمه‌شقه‌ و وەک هەمیشە شانازییتان پێوە دەکەین.
دەستخۆشیتان لێ دەكەم و هیوای سەركەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم.

مسعود بارزانی
٤ـی٤ـی٢٠٢٠