چوارشەممە 28 تشرینی دووەم 2018

سەرۆک بارزانی: هیچ هەنگاوێک و هەڵوێستێکی ئێمە لەسەر حیسابی پرەنسیب و ئامانجە ستراتیژییەکانی گەلی کوردستان نابێت



ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ـی١١ـی٢٠١٨، سەرۆک مەسعود بارزانی لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئەنجامی دیدار و سەردانەکانی بۆ بەغدا، نەجەف، ئیمارات و کوێت خستەڕوو. سەرۆک بارزانی ڕای گەیاند: "ویستمان بەو سەردانە جارێکی دیکە نییەتی باشی خۆمان دەرببڕین، هەروەها هەڵوێستی ئاشتیخوازانەی خۆمان دووبارە بکەینەوە، چونکە هەمیشە ڕای ئێمە وابووە و ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ قۆناخەکانی ڕابردوویش لە هەموو قۆناخەکاندا هەمیشە داکۆکیمان لەسەر ئەوە کردووە کە هەموو گرفتەکان لەگەڵ بەغدا دەبێت بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن و رێز لەیەکتری گرتن چارەسەر بکرێن. ئەوە ئێمە نەبووین کە رێگەی دیکەمان هەڵبژاردبێت، ئەوە بەغدابوو کە پێشتر هەموو دەرگاکانیان داخستبوو و ڕێگەی دیکەیان هەڵبژارد".

لەبارەی قۆناخی نوێی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، سەرۆک بارزانی ڕای گەیاند: "ئێستاش پێمانوایە دەرفەتێکی تازە هاتووەتە پێش بۆ هەموو عێراق و بۆ کوردستان، جەنابی بەڕێز سەید عادل عەبدولمەهدی دۆستێکی دێرینی ئێمەیە، مرۆڤێکە لە کێشەی کورد و کوردستان تێدەگات، لە کوردستان ژیاوە، لەبەر ئەوە ئێمە ئومێدمان زۆرە بتوانین لەگەڵ ئەو بگەینە چارەسەری زۆرباش بۆ هەموو کێشەکان، پێشمگوت کە ئێمە هەموو توانایەکمانەوە پشتیوانیت لێ دەکەین، ئومێدمان وایە لەگەڵ ئەو بگەینە تەفاهوماتێکی باش".

سەرۆک بارزانی راشیگەیاند: "لە بەغدا لەگەڵ هەموو لایەنەکان بەبێ جیاوازی کۆبووینەوە، ئەوانەی دۆستی ئێمە بوون، ئەوانەی لە خراپترین قۆناخەکاندا دۆستایەتی خۆیان پاراست و ئەوانەشی هەرچی پێیان کرا دژی ئێمە کردیان، لەگەڵ هەموویان دانیشتین، بەڵام دەمەوێت لێرەدا داکۆکی لەسەر خاڵێک بکەم، هیچ هەنگاوێک و هەڵوێستێکی ئێمە لەسەر حیسابی پرەنسیب و ئامانجە ستراتیژییەکانی گەلی کوردستان نابێت".

سەبارەت بە تەوەری گفتوگۆکانی لە بەغدا، بارزانی روونی کردەوە: "باسی هەموو گرفتەکانمان کرد، بەتایبەتی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ئێمە گەیشتووینە تەفاهوماتێکی باش کە بە دیالۆگ و بەپێی دەستوور و مادەی 140 ئەو کێشانە چارەسەر بکەین، بەڵام هێشتا حکومەت بە تەواوەتی دانەمەزراوە، ئەمە پرسێکیش نییە من نامەوێت تەوەقوعاتی خەڵکی کوردستان زۆر بەرز بکەمەوە بڵێم هەموو شتێک تەواودەبێت، رەنگە کاتی بوێت، منیش لەگەڵ هەموو ئەو خەڵکە چاوەڕوانی ئەوەین، پێویستە بەکردار ئەنجامەکەی ببینین. ئێمە لەلایەن خۆمانەوە پێیەوە پابەند دەبین، کە بە هەموو شێوەیەک هاوکاردەبین بۆ چارەسەری گرفتەکان. پێموایە لە بەغداش هەموو لایەنەکان دوای ئەو ئەزموونە گەورەیەی کە بەسەر هەموو لایەکدا هات، تێگەیشتوون کە جگە لە دیالۆگ ناتوانن هیچ کێشەیەکی دیکە چارەسەر بکەن، لەبەر ئەوە تاڕاددەیەک گەشبینم، مرۆڤیش هەمیشە گەشبین بێت باشترە لەوەی رەشبین بێت، بەڵام دیسان جارێکی دیکەش من نامەوێت هیچ بەڵێنێک بدەم یان تەوەقوعاتی خەڵکی خۆمان بەرزبکەمەوە، بەڵام بەجیدی هەوڵی جیدی دەدەین بۆ ئەوەی لەڕووی ئابووریی و سیاسی و سەربازی و ئەمنییەوە چارەسەری کێشەکان بکەین، ئومێدەوارین بەشێوەیەک بێت کە خێری هەموو لایەکی تێدابێت".

سەرۆک بارزانی گوتیشی "دوای دیدارەکانمان لە بەغدا سەردانی نەجەفم کرد و لەوێش جەنابی سەید موقتەدام بینی، ئەویش زۆر کراوەبوو زۆریش ئیجابی بوو، پاشان چووین بۆ ئیمارات و کوێت، لەوێ زۆر سەفەری ئێمە بۆ بەغدایان پێ خۆش بوو و ئامادەیی  خۆیان پێشان دا کە دەورێکی ئیجابییان دەبێ بۆ هاوکاری هەموو عێراق و کوردستان بۆ ئاوەدانکردنەوە و چارەسەرکردنی کێشەکان."

لە پرێس کۆنفڕانسەکەدا سەرۆک بارزانی وەڵامی پرسیاری پەیامنێری کەناڵەکانی دایەوە. لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە قۆناخی نوێی کاری پەرلەمانی کوردستان و دەستووری هەرێمی کوردستان، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: "نەبوونی دەستوور کەلێنێکی گەورەیە و هەڵەیەکی گەورە بوو کە کاتی خۆی نەخرایە ڕاپرسی، ئەویش بە نییەتێکی پاک بوو بۆ ئەوەی یەکڕیزیی لایەنەکانی لەسەر بێت، بە تەئکید دەبێ لە چوارساڵی داهاتوودا ئەم بابەتە بگاتە ئەنجام و ببینە خاوەنی دەستوورێکی ڕێوپێک".

سەبارەت بە چارەنووسی کەرکووک و ناوچەکوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: "دەبێ کێشەکە بەپێی مادەی ١٤٠ چارەسەر بکرێت، ئێمە هەمیشە گوتوومانە دەبێ کەرکووک ببێتە نموونەی پێکەوەژیانی هەموو پێکهاتەکان، بەڵام مساوەمە لەسەر ناسنامەی کوردستانیبوونی کەرکووک ناکەین".

سەبارەت بە ئاوارەکانی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق کە لە کوردستان دەژین، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: "ئەوانە تا پێویستیان بە ئێرە هەبێت ئەوە کوردستان ماڵی خۆیانە، بەڵام چارەسەر ئەوەیە دوای ئەوەی ناوچەکانیان ئاوەدان دەکرێتەوە و پێداویستیی ژیانیان بۆ دابین دەکرێت، بگەڕێنەوە زێدی خۆیان".

سەرۆک بارزانی، لە وەڵامی پرسیارێکیشدا کە ئاخۆ لە بەغذا داوای لێ کراوە دەستپێشخەرییەک بۆ ئاشتەوایی بکات، ڕای گەیاند: "ئەو باسە کراوە کە دەستپێشخەری بکەین، دیراسەی دەکەین، بەڵام ئەگەر دڵنیا نەبم ئەنجامی دەبێ و سەرکەوتوو دەبێ، هیچ هەنگاوێک نانێم".

سەبارەت بە بوونی گرێنتییەکیش بۆ دووبارەنەبوونەوەی سزاکان بۆسەر هەرێمی کوردستان، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: "من تەسەور ناکەم عادل عەبدولمەهدی بڕیارێک بدات وەک ئەوانەی پێش ئەو (دژی کوردستان) کردیان، چونکە ئەگەر شتێکی وا ڕووبدات دەبێتە کۆتایی هەموو شتێک، بەڵام ئومێدمان هەیە دووبارە نەبێتەوە، چونکە ئەو ڕێگەیەش سەری نەگرت. ڕاستە هەردوولا ئەزیەتمان دیت بەڵام ئەنجامی نەبوو و هەر گەڕاینەوە بۆ دیالۆگ، بۆیە پێم وانییە ئەموونێکی شکستخواردوو دووبارە بکرێتەوە. بۆیە ئەمجارە تا حەدێک ئومێدەوارم چونکە ئەوانیش تەجروبەیان کرد و گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی جگە لە دیاکۆگ ڕێگەیەکی دیکە نییە و خودی عادل عەبدولمەهدییش وەک شەخس باوەڕناکەم لەو کەسانە بێت بیهەوێ خەڵکی کوردستان ئەزیەت بدات، بەپێچەوانە تابتوانێ ڕەنگە هاوکار بێت بۆ ئەوەی لە ژیانێکی بەختەوەردابن، ئەمە تەوەقوعی منە ئومێدەوارم ڕاست بێت، تا حەدێکی زۆریش ئامادەیی پێشان داوە".

دەقی پرێسکۆنفڕانسەکەی سەرۆک بارزانی