ھەینی 31 ئایار 2019

سەرۆك بارزانی بە توندی ئیدانەی كردەوە تیرۆریستییەكانی شاری كەركووك دەكات



بەناوی خودای بەخشندەو میهرەبان

بە داخێكی زۆرەوە لە شەوی پێنج شەممە 30ـی 5ـی 2019 لە ئەنجامی زنجیرە تەقینەوەیەكی تیرۆریستی لە شاری كەركووك ژمارەیەك هاووڵاتی شەهید و ژمارەیەكی تر بریندار بوون. وێڕای ئەوەی زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو كردەوە تیرۆریستیانە دەكەین، سەرەخۆشییش لە كەسوكاری قوربانیانی ئەو ڕووداوە تیرۆریستییانە دەكەین و هیوای چاكبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین. داواش لە حكوومەتی عێراقی دەكەین بە زووترین كات ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە ئاشكرا بكرێن و بە سزای خۆیان بگەیێندرێن.

ئامانجی تیرۆر تێكدانی پێكەوەژیانی پێكهاتەكانی كەركووكە و مەترسییەكی گەورەیە لەسەر ژیانی هاووڵاتیان و ئاسوودەیی خەڵك. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریش بە تایبەت لە شاری كەركووك پێویستە كاری هاوبەش و هەماهەنگیی تەواو لەنێوان هێزی پێشمەرگە و دامودەزگاکانی هەرێم و حكوومەتی عێراق هەبێت. ئەوەیش لەپێناو بنبڕكردنی هەڕەشەی تیرۆر و پاراستنی پێكهاتەكان و گەڕاندنەوەی كەركووك بۆ دۆخی ئاسایی خۆی.

مسعود بارزانی

31ی 5ـی 2019