دووشەممە 7 تشرینی یەکەم 2019

ڕاگەیێندراوی هاوبەشی كۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی و سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتیمانیی عێراق



ڕۆژی دووشەممە 7ـی 10ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی و بەڕێز دكتۆر ئەیاد عەللاوی سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتیمانیی عێراق كۆبوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا بە دوورودرێژی بارودۆخی سیاسیی عێراق و پێشهاتە هەنووكەییەكان و ڕووداو و گرژییەكانی ئەم دواییەی بەغدا و چەند پارێزگای تری عێراق تاوتوێ كرا و لەسەر ئەم خاڵانە ڕێك كەوتن:


یەكەم: جگە لە ڕێگەی دەستووری و بە پێی پڕۆسە و میكانیزمە دیموكراتییەكان نابێ هیچ ڕێگەیەكی تر بۆ گۆڕانكاری لە پڕۆسەی سیاسی هەبێت و، هەر جۆرە گۆڕانێك لە دەرەوەی ئەو چوارچێوانە قەبوولكراو نییە.


دووەم: پاڵپشتیی تەواوی حكوومەتی ئێستای عێراق بە سەرۆكایەتیی بەڕێز دكتۆر عادل عەبدولمەهدی دەكەین و داوایش دەكەین هەوڵی تەواو بدات بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و كۆنتڕۆڵی بارودۆخ و سزادانی گەندەڵكاران و هەروەها ئەوانەی بوونەتە هۆی خوێنڕشتنی خەڵكی بێ تاوان.


سێیەم: داوا دەكەین پارێزگاری لە سەلامەتی و كەرامەتی گەلی عێراق و هاووڵاتیان بكرێت لە هەموو پێكهاتە و چینوتوێژەكان و، لە هەموو بوارە پێویستەكاندا هەماهەنگیی تەواو لەنێوانماندا دەبێت.


چوارەم: سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانیانی ئەو ڕووداوانە و زوڵملێكراوان دەكەین و هیوای چاكبوونەوەیش بۆ برینداران دەخوازین و داوایش لە حكوومەتی عێراقی دەكەین بایەخی تەواو بە قوربانی و برینداران و قەرەبوكردنەوەیان بدات.