ئێوارەی ڕۆژی یەكشەممە 18ی كانوونی دووەمی 2026 سەرۆك مەسعود بارزانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی لە بەڕێز ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریاوە پێ گەییشت.
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا باس لە دوایین پێشهاتەكانی سووریا كرا و سەرۆك شەرع وێڕای باسكردنی ناوەڕۆكی ڕێككەوتنامەی لەگەڵ قسد جەختی لەوە كردەوە كە ڕەچاوی مافەكانی كورد و پاراستنیان لە سووریا دەكرێت و كێشە و گرفتەكان بەپێی ڕێككەوتنەكان چارەسەر دەكرێن.
هەرلەو پەیوەندییەدا سەرۆك بارزانی تەئكیدی لە پێویستیی گەرەنتیكردنی مافەكانی گەلی كورد كردەوە و هەروەها دەرچوونی مەرسوومی سەرۆكی سووریا لەبارەی مافەكانی كورد بە هەنگاوێكی دروست لە قەڵەم دا كە دەكرێ بۆ مافەكانی كورد لە سووریا بنەماییەكی پتەو و ئیجابی لەسەر بنیات بنرێت.