سێشەممە 20 کانونی یەکەم 2022

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی کۆریای باشوور دەکات



ڕۆژی سێشەممە 20 کانوونی یەکەمی 2022 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز چۆ کیچۆنگ کونسوڵی گشتیی کۆریای باشوور کرد.

لە دیدارەکەدا کونسوڵی کۆریای باشوور پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆک بارزانی هەبوو لە پاراستنی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان و فرەلایەنی و ڕاشیگەیاند کە ئەو فرەییە جوانی و هێز و دەوڵەمەندیی داوەتە کوردستان و هەروەها ئەو هاوسەنگییەی لەناو پێکهاتەکاندا هەیە بووەتە هۆی سەقامگیری.
هەروەها کونسوڵی کۆریای باشوور پێزانینیشی بۆ ڕۆڵی پێشمەرگە لە شکاندنی داعش هەبوو.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی جەختی لە پاراستنی فرەیی ئایینی و نەتەوەیی و پێکەوەژیانی برایانەی پێکهاتەکان و گەرەنتیکردنی سەقامگیری و ئاسایش کردەوە.
هەروها سەرۆک بارزانی ئەوەشی دووپات کردەوە کە پێویستە هەوڵەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەردەوام بێت چونکە هەڕەشەیە بۆسەر هەموو ناوچەکە و پێکهاتەکانی.
لە کۆتایی دانیشتنەکەدا جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نیوان کۆریای باشوور و هەرێمی کوردستان کرایەوە.