ڕۆژی هەینی 11ـی تەممووزی 2025 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەک کەسایەتیی سیاسی و شاندی باڵای دەم پارتی کرد کە پێکهاتبوو لە:
بەڕێز ئەحمەد تورک و بەڕێز لەیلا زانا و بەڕێز سری ساکێک و بەڕێز تونجەر باکر هان هاوسەرۆکی دەم پارتی و بەڕێز چیدەم قلێچگون ئوچار هاوسەرۆکی هەرێمەکانی دیموکرات و بەڕێز مەڕال دانشبەشتاش پارلەمانتاری دەم پارتی و بەڕێز بەردان ئوزتورک بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەم پارتی.
لە دیدارەکەدا شاندی میوان دەستخۆشییان لە سەرۆک بارزانی کرد بۆ ڕۆڵی بەهێز و نەتەوەیی و ستراتیژیی لە پشتیوانیکردنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و داوایان کرد سەرۆک بارزانی لە ڕۆڵی خۆی لە پاڵپشتیکردنی ئەو پڕۆسە مێژووییە لە قۆناغە جیاجیاکاندا بەردەوام بیت. هەروەها وێڕای گەیاندنی پەیام و داواکەی بەڕێز ئۆجەلان داواشیان کرد کە سەرۆک بارزانی سەردانی بەڕێز ئۆجەلان بکات.
لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە ئەو هەنگاوانەی لە پڕۆسەی ئاشتیدا گیراونەتەبەر هەنگاوی گرنگن بە ئاراستەی دروست، ئەوەشی ڕاگەیاند پڕۆسەی ئاشتی پێویستی بە پشوودرێژی و وردبینی هەیە بۆ ئەوەی بگاتە ئەنجامێکی باش، دەساڵ گفتوگۆ باشترە لە یەک کاتژمێر شەڕ و بە شەڕ و توندوتیژی کێشەکان چارەسەر ناکرێن و دەبێ پشت بە خەباتی سیاسی و دیالۆگ و یەکترقبوڵکردن و دیپلۆماسی ببەسترێت، سەرۆک بارزانی ئاماژەشی بەوە دا لەپێناو سەرخستنی پڕۆسەی چارەسەری ئەوەی لە توانایدا بێت درێخی ناکات و سەبارەت بە داواکارییان بۆ سەردانی بۆ لای بەرێز ئۆجەلان ڕایگەیاند لە هەلومەرجێکی گونجاودا سەردانەکە ئەنجام دەدرێت. سەرۆک بارزانی داواشی کرد هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پاڵپشتی پڕۆسەی چارەسەری ئاشتی لە تورکیا بن.