شەممە 27 کانوونی دووەم 2024

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە خانەوادە و کەسوکاری شەهید پێشڕەو دزەیی دەکات



دوای پەلامارە بێ پاساوە موشەکییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر ماڵی شەهید پێشڕەو مەجید دزەیی، کە بووە هۆی شەهیدبوونی خۆی و ژینای کچی تەمەن یازدە مانگ، هەروەها بریندار بوونی هاوسەر و کوڕەکانی و شەهید و بریندار بوونی چەند هاولاتییەکی سڤیل، ڕۆژی شەممە 27ی کانوونی دووەمی 2024، لە سەلاحەدیین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە خانەوادەی شەهید پێشڕەو دزەیی کرد.

لەو دیدارەدا، سەرۆک بارزانی دووبارە پرسە و سەرەخۆشیی خۆی بە خانەوادەی شەهید پێشڕەو ڕاگەیاند و هیوای چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست، هەروەها سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە ئەو تاوانە زوڵمێکی گەورە بوو بەرانبەر خانەوادەی شەهید پێشڕەو دزەیی و خەڵکی کوردستان کرا.

هەر لەو دیدارەدا کەسایەتی و تێکۆشەری دێرینی کوردستان بەڕێز موحسین دزەیی سوپاسی پشتگیری و هەڵوێستی سەرۆک بارزانی کرد کە هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە ئەو کارەساتەی بە خەمی خۆی زانیوە و هەروەها سوپاسی ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی لە مەڕاسیمی بە خاکسپاردنی شەهیدانی ئەو ڕووداوە کارەساتبارە کرد. هەر لەو دیدارەدا بەڕێز عەبدوڵلا مەجید دزەیی بەناوی خۆی و خانەوادە و هەر سێ برای شەهید پێشڕەو پێزانینی بۆ هاوسۆزیی سەرۆک نیشان دا و بەڵێنی ئەوەشی دا کە هەموویان لەسەر ڕێچکەی شەهید پێشڕەو دزەیی بۆ ئاوەدانی و خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان بەردەوام دەبن.