ڕۆژی چوارشەممە 3ی کانوونی یەکەمی 2025 لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز جۆرجیۆس ئەلەمانۆس باڵیۆزی یۆنان لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا کە بەڕێز نیکۆلۆس ستێرگیولاس کونسوڵی گشتیی یۆنان لە هەولێر ئامادەی بوو، باڵیۆزی یۆنان لە عێراق کە بە مەبەستی ماڵئاوایی سەردانی سەرۆک بارزانیی کردبوو، ستایشی سەقامگیری و ئەو بووژانەوەیە کرد کە لە هەرێمی کوردستان هاتۆتە ئاراوە و ئاماژەی بە مێژووی خەبات و کۆڵنەدانی گەلی کوردستان کرد کە بووەتە ئەزموونێکی دەوڵەمەند بۆ دووبارە هەڵسانەوە و بەردەوامبوون.
هەر لەو دیدارەدا جەخت لە قووڵترکردنی دۆستایەتی و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و یۆنان لە بوارەکانی ئابووری و کشتوکاڵ و کولتووری و ئاکادیمی کرایەوە.