ڕۆژی پێنجشەممە 12ی شوباتی 2026، لە پیرمام، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز حەسەن محەمەد زەمان باڵیۆزی کوێت لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا کە بەڕێز عوسمان داود کونسوڵی کوێت لە هەولێر ئامادەی بوو، باڵیۆزی کوێت وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بۆ دیداری لەگەڵ سەرۆک بارزانی سڵاو و ڕێزی (شیخ مەشعەل ئەلئەحمەد ئەلجابر ئەلسەباح)ـی (ئەمیری کوێت)ـی بە سەرۆک بارزانی گەیاند جەختی لەسەر پەیوەندی و برایەتیی نێوان گەلی کوێت و گەلی کوردستان کردەوە و ستایشی خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستانی کرد بۆ گەیشتن بە ئازادی.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی سڵاوی تایبەتی بۆ ئەمیری کوێت و گەلی کوێت هەبوو و ئاماژەی بە ئازاری هاوبەشی گەلی کوردستان و گەلی کوێت دا لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراق و جەختی لە برایەتی و قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی هەردوولا کردەوە.
لە بەشێکی تری ئەو دیدارەدا باس لە بارودۆخ و ئالنگاری و هەڕەشەکانی بەردەم سەقامگیریی ناوچەکە بە گشتی کرا و هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان.