چوارشەممە 24 کانوونی دووەم 2024

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق دەکات  



لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ستیڤن هیچن باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق کرد.

لەو دیدارەدا کە کونسوڵی نوێی بریتانیا لە هەولێر ئامادەی بوو، باڵیۆزی بریتانیا دووبارە سەرەخۆشی خۆی بە سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند بۆ کارەساتی موشەک بارانە بێ بنەماکەی سەر هەولێر کە لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێران ئەنجامدرا و بوە هۆی شەهید و بریندار بوونی ژمارەیەک هاووڵاتی سڤیل، لەم بارەیەوە هەڵوێستی فەرمی حکومەتی بریتانیای بە سەرۆک بارزانی گەیاند کە دژی ئەم جۆرە کردەوانەن بە تایبەت کە خەڵکی سڤیل و بێ تاوان بکرێتە ئامانج.

هەر لەو دیدارەدا باس لە بارودۆخ و دواپێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی ناوچەکە و عێراق کرا، هەروەها تیشک خرایە سەر کارەکانی لیژنەی لێکۆلینەوەی ڕاستییەکان کە لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراق پێکهێنراوە بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە و دەرخستنی ڕاستییەکان لەسەر ئەم رووداوە.

لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی سوپاسی هەڵوێستی باڵیۆز و حکومەتی بریتانیای کرد، و دووبارە نیگەرانی خۆی دەربڕی بەو کردەوە نا مرۆڤانەی بەرانبەر خەڵکی هەرێمی کوردستان کرا، و پێزانینی هەبوو بۆ هەوڵەکانی بەڕێز محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ بۆ وەرگرتنی هەڵوێست و بەدواداچوونی جددی لەسەر ئەم پرسە.

پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی عێراق و بارودۆخی ئەمنی دەشتی نەینەوا و شنگال و گرنگی جێبەجێکردنی ڕێکەوتننامەی شنگال تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.