پێنجشەممە 20 ئەیلوول 2018

سەرۆک بارزانی لەگەڵ کادیرانی لقەکانی سنووری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەولێر کۆبۆوە



سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند کە ئێستا دەرفەتێک هاتۆتە پێش کە دوای هەڵبژاردنی بەغدا و هەڵبژاردنی هەرێم بارودۆخێکی تازە دروست بکەینەوە، بۆ چەند ماوەیەکیش بێت کە ئێمە لەگەڵ بەغدا بمێنین، دەبێ پەیوەندیی زۆر سروشتی و باش و ڕێکوپێکمان لەگەڵ بەغدا  هەبێ و تەواجدێکی بەهێزمان لە بەغدا هەبێت. بەڵام ئەوە بەهیچ شێوەیەک مانای ئەوە نییە پاشەکشە لە ئامانج و ستراتیژی خۆمان دەکەین.

سەرۆک بارزانی ئامۆژگاریی کادیرانی پارتی دەکات کە نابێ وەڵامی تەشهیر و بێڕێزییەکانی هیچ لایەک بدەنەوە و کاتێک لە شوێنی دیکە وێنەی کاندیداکانی پارتی دەدڕێنن، ئێوە کە دەبینن وێنەی کاندیداکانیان کەوتۆتە سەر زەوی، وێنەکانیان ڕاست بکەنەوە.

ئەو وتانەی سەرۆک بارزانی لە دیدارێکدا هات کە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ـی ئەیلوولـی٢٠١٨ لەگەڵ کادیرانی لقەکانی سنووری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارێزگای هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڕێوەچوو.

لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی ڕۆڵی کادیرانی پارتی کرد کە بە خۆڕاگری و بڕوابەخۆبوونەوە لەکاتی تەنگانەدا لەسەنگەری پاراستنی کوردستاندان.

هەر لەوکۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان و قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە شەڕی تیرۆریستان و شەڕی بەرگری لە كەرامەت و خاكی نیشتیمان و ڕایگەیاند ئێمە هەموومان قەرزاری پێشمەرگەین، چونكە تەنیا پێشمەرگە بوو كە هەموو هاوكێشەكانی گۆڕی و كوردستانی پاراست.

سەرۆک بارزانی لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا ڕایگەیاند ئێمە بەردەوام باوەڕمان وابووە کە تا لەگەڵ عێراق بین پێویستە باشترین پەیوەندیمان هەبێت و هەمیشە ئاشتی و گفتوگۆ بژاردەی ئێمە بووە، بەر لە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمیش چەندینجار ڕامانگەیاند کە دەمانەوێ بە گفتوگۆ کێشەکانی نێوانمان چارەسەر بکەین و دوای ڕیفراندۆم دەست بە گفتوگۆیەکی جیدی بکەین، کەچی بەداخەوە ئەوان دەرگای گفتوگۆیان داخست و زوڵمیان لە گەلی ئێمە کرد و ئێستاش پەشیمانن.

سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند کە گەلی ئێمە بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، ڕای خۆی بە هەموو دنیا ڕاگەیاند کە ئەوە خواستەکەیەتی و بەوەش هیچ تاوانێکی ئەنجام نەدابوو تا بەوشێوەیە سزا بدرێت، ئەوە ئیرادەی گەلی ئێمەیە و چەسپاوە.

هەروەها لەسەر دۆخی سیاسیی کوردستان و عێراق و هەڵبژاردنەکانی مانگی ئایاری ئەمساڵ بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند کە ئەگەرچی ناحەزان پێیان وابوو پارتی دیموكراتی كوردستان بەهۆی پشتیوانیی تەواوی بۆ ڕیفراندۆم کەوتۆتە ژێر گوشاری جۆراوجۆری ئابووری و سیاسی و تووشی شکست دەبێت، بەڵام بەهیممەتی کادیران و ئەندام و لایەنگرانی پارتی و جەماوەری گەلەکەمان، پارتی توانی دەنگی یەكەم لەسەر ئاستی كوردستان و عێراقدا مسۆگەر بكات و ببێتە حزبی یەکەم لەسەر ئاستی عێراق.

سەرۆک بارزانی ڕاشیگەیاند کە دەسەڵاتدارانی بەغدا هەوڵیان دا کێشەی نێوان هەرێم و حکوومەتی عێراق بگوازنەوە ناو خەڵک تا ببێتە کێشەی نەتەوەکان، بەڵام  بەڵام خۆشبەختانە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی مانگی ئایاری ڕابردوو ئەوەی دەرخست کە خەڵکی عێراق لەگەڵ ئەوان نین و باوەڕیان بە چەواشەکارییەکانی ئەوان نەکردووە و ئەو دەموچاوانەیان سزا دا کە گەلی کوردستانیان ئازار داوە.

سەبارەت بە دانوستانەکانی ئێستای نێوان لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە زۆربەی لایەنەکانی بەغدا پێیان باشە ئەنجوومەنێكی باڵای سیاساتی ستراتیژی دابمەزرێت كە بڕیارە ستراتیژییەكان لەو ئەنجوومەنەوە دەربچن و لایەنی كوردستانیش تێیدا بەشدار بێت، ئێمەش ئەو پێشنیارەمان بەلاوە پەسندە، چونکە دەبێتە گرێنتییەک بۆ پاراستنی مافی پێکهاتەکانی عێراق و ڕێگەگرتن لە بڕیاری تاکڕەوانە. سەرۆک بارزانی ڕاشیگەیاند: ئێستا دەرفەتێک هاتۆتە پێش کە دوای هەڵبژاردنی بەغدا و هەڵبژاردنی هەرێم بارودۆخێکی تازە دروست بکەینەوە، بۆ چەند ماوەیەکیش بێت کە ئێمە لەگەڵ بەغدا بمێنین، دەبێ پەیوەندیی زۆر سروشتی و باش و ڕێکوپێکمان لەگەڵ بەغدا  هەبێ و تەواجدێکی بەهێزمان لە بەغدا هەبێت. بەڵام ئەوە بەهیچ شێوەیەک مانای ئەوە نییە پاشەکشە لە ئامانج و ستراتیژی خۆمان دەکەین.

سەرۆک بارزانی جارێکی دیکە جەختی کردەوە کە پێویستە حکوومەتی عێراق لەسەر سێ پرەنسیپی سەرەکی دابمەزرێت: شەراکەتی ڕاستەقینە لە بڕیارەکان، کە بەبوونی ئەنجوومەنی باڵای سیاساتی ستراتیژی گرێنتی دەکرێت، پابەندبوون بە تەوافق لە دەرچوونی یاساکان و ڕاگرتنی هاوسەنگیی لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکوومەت لەنێوان پێکهاتەکاندا.

لەبارەی هەڵبژاردنی کوردستانیشەوە سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند پشتیوان بە گەلەکەمان، پارتی سەرکەوتنی گەورە وەدەست دەهێنێت و بەو سەرکەوتنەش حکوومەتێکی بەهێز و تۆکمە دێتەکایەوە کە بتوانێ چاکسازیی ڕیشەیی لە هەموو بوارەكانی ژیانی سیاسی و ئابووری و ئیداریی هەرێمی كوردستان بكات. هانی کادیرانیشی پارتیشی دا کە پابەندی یاسا بن و بە ئارامترین شێوە بانگەشەی هەڵبژاردن بەڕێوە ببەن و وەڵامی تەشهیر و بێ ڕێزییەکان نەدەنەوە و کاتێک لە شوێنی دیکە وێنەی کاندیداکانی پارتی دەدڕێنن، ئێوە کە دەبینن وێنەی کاندیداکانیان کەوتۆتە سەر زەوی، وێنەکانیان ڕاست بکەنەوە.

سەرۆک بارزانی جەختیی کردەوە کە پارتی خاوەن ئامانجێکی ستراتیژییە و بەپێی سیاسەتی ڕۆژ هەڵوێست ناگۆڕین و هیچ پاشەکشەیەکیش لەو ئامانجە ستراتیژییە ناکەین. هەر کەس و لایەنێکیش ئامانجی ستراتیژی هەبێت دەبێ ئامادە بێت گیانی خۆی لەپێناویدا بەخت بکات، بۆیە پارتی هەمیشە لەپێناو پاراستن و بەختەوەریی گەلەکەماندا خۆی بەخت دەکات.