ڕۆژی پێنجشەممە 5ی شوباتی 2026، بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی لە هەولێر یازدەیەمین کۆنگرەی تەندروستیی میزۆپۆتامیا دەستی پێکرد، لە کۆنگرەکەدا کە بە بەشداریی پزیشکانی هەر چوار پارچەی کوردستان و پزیشکانی دیاسپۆڕا بەڕێوەچوو، سەرۆک بارزانی وتارێکی پێشکەشکرد و لە وتارەکەیدا سوپاسی سەندیکای پزیشکانی کوردستان و بۆردی میزۆپۆتامیای کرد بۆ رێکخستنی یازدەیەمین کۆنگرەیان و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ خواستن، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەشدا کە دەرگای هەولێر هەمیشە بۆ ئەو جۆرە چالاکیانە کراوەیە و بە سوپاسەوە ئاماژەی بەوەدا کە ئەم جۆرە چالاکیانە بە نرخن و ئەزموونێکن بۆ داهاتوو خزمەت بە میللەت دەکات، هەروەها سەرۆک بارزانی تیشکی خستە سەر ئەرکی پزیشکان و بە ئەرکێکی پیرۆزی وەسفکرد کە پاراستنی گیانی مرۆڤە.
سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی و بە تایبەت ڕۆژئاوا، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە بینیمان خەریک بوو کارەساتێکی گەورە ڕووبدات و ببێتە شەڕی دوو نەتەوە و سەرۆک بارزانی ئاشکرای کرد کە ترسی هەبووە لەوەی شەڕی کورد و عەرەب ڕووبدات و کارەساتی بەدواوە بێت، سەرۆک بارزانی بە گەڕانەوە بۆ مێژوو تیشکی خستەسەر ئەوەی کە کورد هیچ کاتێک دەستپێشخەر نەبووە بۆ شەڕ و ئاماژەی بەوەدا ئەوەی پێمان کرا کردمان و هیوای خواست کە رێکەوتنی برایان لە رۆژئاوا و حکومەتی سوریا بەردەوامبێت، سەرۆک بارزانی سوپاسی تاک بە تاکی خەڵکی کوردستانی کرد بۆ ئەو یەکریزیە نەتەوەیەی کە ئەنجامیاندا لەم پرسەدا و بە سەرکەوتن وەسفی کرد و سوپاسی خەڵکی کوردستان و دەزگاکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کرد بۆ کۆمەک و هاوکاریکردنی خوشک و برایانی رۆژئاوا، سەرۆک بارزانی لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کە نابێت بیر لە شەڕ بکرێتەوە بەڵام زۆری زۆردارانیش قەبوڵ ناکەین، سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی لە باکور سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە لە یەکەم رۆژەوە پشتیوانی پڕۆسەی ئاشتیان کردووە و پشتیوانیشی لێدەکات و هیوای خواست کە بگاتە ئەنجامێک خێری هەبێت بۆ هەموو لایەک، لە کۆتاییدا سەرۆک بارزانی لەسەر چەندین پرسی تر قسەی کرد.
ئەمەی خوارەوەش دەقی وتاری سەرۆک بارزانییە:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
پێشەكی بەخێرهاتنێكی گەرمی هەمووتان دەكەم و دەستخۆشیی لە سەندیكای پزیشكان و بۆردی میزۆپۆتامیا دەكەم بۆ رێكخستنی ئەم كۆنگرەیە كە یازدەیەمین كۆنگرەیە. من دەمەوێ بڵێم هەمیشە دڵ و دەرگای هەولێر كراوەیە بۆ ئێوە و بۆ ئەم جۆرە چالاكییانە.
ژمارەیەكی زۆر لە پزیشكانی هەر چوار پارچەی كوردستان ئەمڕۆ لێرەن كە ئەمە جێی شانازییە و جێی ئومێدە بۆ ئێمە.
ئەم جۆرە چالاكییانە، زۆر زۆر بە قیمەتن، گۆڕینەوەی ئەو زانستە، ئەو ئەزموونە، ئەمانە هەموو خزمەتێكی گەورە دەكەن بە میللەتەكەمان، كارێكی پیرۆزتان كردووە، دەستخۆشیتان لێ دەكەم و سوپاستان دەكەم.
كاری پزیشك، كارێكی زۆر پیرۆزە، رزگاركردنی ژیانی بەشەرە، كارێك نییە لەمە پیرۆزتر هەبێت. لەبەر ئەوە ئێوەش پیرۆزن، چونكە ئەركی ئێوە ئەركێكی پیرۆزە.
داوای سەركەوتنتان بۆ دەكەم و بە هەموو هێز و توانایەك لەگەڵ ئێوەین و پشتیوانیی ئێوەین.
ژمارەیەك لەو پزیشكە بەڕێزانەی دەرەوەی وڵات (دیاسپۆڕا) بەشدارن لەمە، هەروەها لە هەر چوار پارچەی كوردستان، ئەمە حەقیقەتێك پیشان دەدات، ئەگەر دەرفەت بڕەخسێ بۆ تاكی كورد، تاكی كورد كەمتر نییە لە خەڵكی تر. شكور بۆ خوا پرۆفیسۆری زۆر گەورە هەڵكەوتوون، زانای زۆر گەورە هەڵكەوتوون كە ئێمە شانازییان پێوە دەكەین و ئومێدەوارین ئەو كوردانەی تاراوگە، سوود لەم دەرفەتە ببینن، هەروەكوو زۆرێك لەم بەڕێزانە سوودیان لەو دەرفەتە وەرگرتووە و منداڵەكانیان هان بدەن فێری خوێندن بن، فێری زانست بن، ئنجا لە هەر بوارێكدا بێت، دوور بكەونەوە لە شتی نامۆ، دوور بكەونەوە لەو شتانەی كە بە زەرەری خۆیان و میللەتەكەیان تەواو دەبێت. لە هەمان كاتیشدا فێریان بكەن كە زمان و خاك و میللەتیان لەبیر نەكەن.
بەڕێزان
من نامەوێ زۆر كاتی ئێوە بگرم، بەڵام هەموومان بینیمان پێش ماوەیەك، كارەساتێكی گەورە خەریكبوو رووبدات لە رۆژئاوا، بەداخەوە. من ناشمەوێت بچمە تەفاسیلی ئەم وەزعە بۆ وای لێهات و چۆن وای لێهات، بەڵام وەك عەرەب گوتەنی (دفع الله ما كان أعظم). ترسی گەورەی من ئەوە بوو كە ببێتە شەڕی كورد و عەرەب. خۆشتان دەزانن ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، هیچ كاتێك كورد دەستپێشخەر نەبووە بۆ شەڕ و هیچ كاتێكیش لە هەموو سەركردەكانی شۆڕشەكانی كوردستان، هەمیشە رێنمایی ئەوە بووە كە شەڕی ئێمە دژی زۆردارە نەك دژی میللەت، من ترسی ئەوەم هەبوو كە ببێتە شەڕی كورد و عەرەب كە ئەمە دەبوو بە كارەساتێكی گەورە.
دیسان بۆ وای لێ هات؟ من ناچمە ئەو تەفاسیلە. لە حاڵەتی وەهادا مرۆڤ دەبێ دوور لە عاتیفە بڕیار بدات و دوور لە عاتیفە هەنگاویش بنێت.
ئەوەی پێمان كرا كردمان، ئێمە سەربەرزین، هەروەك چۆن كاتی خۆی كە پێویست بوو و هەلومەرج لەبار بوو، پێشمەرگەمان نارد چوون لە كۆبانێ شان بە شانی براكانیان شەڕی داعشیان كرد و كۆبانێیان رزگار كرد.
هەلومەرجی ئەمجارە جیاواز بوو، ئەمجارە پێویستیی بەوە بوو كە ئاگرەكە بكوژێتەوە. سوپاس بۆ خوا و سوپاس بۆ هەموو لایەنەكانی كە هاوكار بوون، شەڕەكە نەك گەورە نەبوو و نەبوو بە شەڕی كورد و عەرەب، شتی ناخۆش رووی داوە، بەڵام دەكرا شتی زۆر زۆر خراپتر رووبدات. ئێستاش رێككەوتنێك بووە لە نێوان برایانمان لە رۆژئاوا و حكوومەتی سووریا، ئێمە ئومێدەوارین ئەو ڕێككەوتنە بەردەوام بێت و ئەوەی پێمان كرا، كردمان بۆ ئەوەی شەڕەكە تەشەنە نەكات. لێرەدا من بە پێویستی دەزانم سوپاسێكی بێپایانی هەموو تاكێكی كورد بكەم لە هەر چوار پارچە و لە دەرەوەش، بۆ ئەو یەكڕیزییە و ئەو بیرە نەتەوەییە كە بە هیچ شتێك تەقدیر ناكرێت چەند بەقیمەت و چەند توانای بە هەموومان دا، ئەمە گەورەترین سەركەوتن بوو. لە لایەكی ترەوە سوپاسی خەڵكی كوردستان دەكەم بۆ ئەو یارمەتیدانە و بۆ ئەو جۆش و خرۆشەی كە بینیمان. بە هەزارەها گەنج خۆبەخش بوون بۆ ئەوەی بچن یارمەتیی برایانیان بدەن. سوپاسی هەموو ئەو دامودەزگایانە دەكەم كە چوون بۆ هاوكاریی برایانیان و خزمەتیان پێشكەش كردن. بە تایبەتی لێرەدا من دەمەوێ سوپاسێكی بێپایانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بكەم و سوپاسی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستانیش بكەم كە توانییان خزمەتێكی زۆر پێشكەش بە برایانی رۆژئاوا بكەن.
من ئومێدەوارم ئەو یەكێتییەی كە بینیمان لەسەر ئاستی نەتەوەیی، ئەمە ئیتر ببێتە ئەساسێك بۆ داهاتوو و بۆ هەموو رووداوێكیش كە لەمەودوا ئەگەر رووبدات. ئێمە نابێت بیر لە شەڕ بكەینەوە، بەڵام لە هەمان كاتیشدا ئێمە زۆری زۆردارانیش قەبووڵ ناكەین.
ئێمە دوعا دەكەین، تەمەننا دەكەین دۆخەكە بەرەو باشتر بچێت، خوشك و برایانمان لە رۆژئاوا ئیتر ژیانێكی ئاسوودە ببەنە سەر و ئەوەی پێشمان بكرێت، ئێمە درێغی ناكەین لە یارمەتیدانیان.
بە نسبەت باكوور، تەبیعی ساڵێكە یان تۆزێك زیاتر، پرۆسەی ئاشتی دەستی پێكردووە، ئێمە هەر لە یەكەم رۆژەوە پشتیوانیمان لێ كردووە و پشتیوانیی لێ دەكەین، ئومێدەوارین بگاتە نەتیجەیەك كە خێری هەموو لایەكی تێدا بێت. من هەر ئەوەندە دەڵێم.
بە نسبەت دۆخی ناوخۆی هەرێم و لەگەڵ بەغدا، بەداخەوە دوای هەڵبژاردنی پار ساڵ نە لە هەرێم حكوومەت تەشكیل بووە، نە لە بەغداش حكوومەت تەشكیل بووە، گیروگرفت زۆرن، یانی دەبێ ئێمە راستگۆ بین لەگەڵ ئێوە و لەگەڵ میللەتی خۆمان، بەڵام لە هەوڵداین بۆ ئەوەی ئەو گیروگرفتانە نەمێنن و چارەسەرێكی گونجاو بدۆزینەوە بۆ هەرێم، بۆ بەغداش ئەوەی پێمان بكرێ هاوكاریی برادەرانمان دەكەین لە بەغدا بۆ ئەوەی زوو لەو قەیرانە دەربچین هەم لە هەرێم و هەم لە بەغداش. بەڵام گرفت زۆر هەن.
دۆخی ناوچەش بە گشتی دۆخێكی ئاڵۆزە هەروەكوو خۆتان دەیبینن، ئێمە تەمەننا دەكەین شەڕ روونەدات لە نێوان هیچ لایەك، چونكە خراپترین شت شەڕە و ئومێدەوارین ئەو گیروگرفتانەی هەن، ئەو ناكۆكییانەی هەن لە نێوان ئەم دەوڵەتانە، بە دیالۆگ، بە ئاشتی چارەسەر بكرێن، چونكە شەڕ بە زەرەری هەموو خەڵكی ناوچەكەیە و بە زەرەری هەموو لایەكە.
لە كۆتاییدا من پیرۆزبایی ئەم كۆنگرەیەتان لێ دەكەم و دڵنیاتان دەكەمەوە كە بە هەموو توانایەك پشتیوانتانین، داوای سەركەوتنتان بۆ دەكەم. دەبێ بشزانین ئەگەر ئێمە ئیرادەمان هەبێت و بڕوامان بە دۆزی میللەتەكەمان هەبێت، هەمیشە دۆستمان هەیە، ئەگەر ئیرادەمان نەبێت و ئامادە نەبین و بڕوامان بە خۆمان نەبێت، كەس دۆستی ئێمە نییە. ئەمە زۆر چاك بزانن.
لە كۆتاییدا سڵاو دەنێرم بۆ گیانی پاكی هەموو شەهیدان و سڵاو بۆ هەموو خوشك و برایانی كورد و كوردستانی لە هەر كوێیەكی هەن، داوای سەركەوتنتان بۆ دەكەم و ئیشەڵا كوردستان هەر لە خۆشیدا بێت.
زۆر سوپاس.