سێشەممە 23 نیسان 2019

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە کەلیموڵلای تەوەحودی کرد



ڕۆژی سێشەممە ٢٣ـی٤ـی٢٠١٩ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی مێژوونووس و ڕۆشنبیر و هونەرمەندی ناوداری کوردی خوراسان، مامۆستا کەلیموڵلای تەوەحودی کرد.

لەو دیدارەدا مامۆستا کەلیموڵڵای تەوەحودی سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد و ڕایگەیاند کە ئێستا گەورەترین ئاواتی ژیانم وەدی هاتووە. دواتر کورتەیەکی لەسەر مێژووی کوردی خۆراسان و سەرجەم کتێب و نووسینەکانی خۆی لە بواری مێژوو و ئەدەب و هونەر و دۆخی ئێستای ئەو بەشەی گەلەکەمان لەو ناوچەیە خستەڕوو.

هەر لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی گەرمی مامۆستا تەوەحودی، سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونەکانی کرد بۆ نووسینەوەی مێژووی بەشێکی گرینگی گەلی کورد، هەروەها دەستخۆشیی لێ کرد بۆ هەوڵەکانی لەبواری زیندووڕاگرتنی هونەر و کەلتوری کوردی خۆراسان و هیوای سەرکەوتنی لە کار و پڕۆژەکانی داهاتوودا بۆ مامۆستا تەوەحودی خواست.