یەکشەممە 27 تشرینی یەکەم 2019

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ڕاوێژكاری ئاساییشی نیشتیمانی عێراق دەكات



ڕۆژی یەكشەممە 27ـی 10ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە فاڵح فەیاز ڕاوێژكاری ئاساییشی نیشتیمانی عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەكان لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە تاوتوێ كرا و ڕۆشناییش خرایە سەر مانەوەی هەڕەشەی تیرۆر و كاریگەرییەكانی لەسەر ناسەقامگیری و ئاساییشی عێراق و ناوچەكە.

لەبەشێكی ئەو كۆبوونەوەیەدا پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا خرایە بەر باس و، جەخت لە بەردەوامی و پتەوتركردنی ئەو پەیوەندییانە كرایەوە لەپێناو چارەسەركردنی بنەڕەتیی كێشەكانی نێوان هەردوولا.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی گرژی و خۆپێشاندانەكانی بەغدا و پارێزگاكانی باشووری عێراق ئاڵوگۆڕ كرا و هەردوولا پاڵپشتیی خۆیان بۆ سەرۆكوەزیرانی عێراقی دووپاتكردەوە لە جێبەجێكردنی چاكسازی و داوكارییە ڕەواكانی هاووڵاتیان و خۆپێشاندەران.