سێشەممە 19 کانوونی دووەم 2021

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە وەزیری بەرگری توركیا دەكات  



ڕۆژی سێشەممە 19ـی 1ـی 2021 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە خلوسی ئاكار وەزیری بەرگریی توركیا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە یاشار گولەر سەرۆكی ئەركانی سوپای توركیا و هاكان كاراچای كونسوڵی گشتیی توركیا لە هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكار و كاربەدەستی وەزارەتی بەرگریی توركیا.

لە دیدارەكەدا وەزیری بەرگریی توركیا ئامانجی سەردانەكەی بۆ بەغدا و هەولێر خستەڕوو و، جەختی لەوە كردەوە كە سەقامگیریی و ئاساییشی ناوچەكە و، هەروەها پێشڤەچوونی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ وڵاتەكەی بایەخێكی زۆری هەیە و ڕاشیگەیاند، سەقامگیری و ئاساییش دەبێتە هۆی بووژانەوەی ئابووری و پێشكەوتنی ناوچەكە. لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداش وەزیری بەرگریی توركیا ڕاگەیاند كە وڵاتەكەی خوازیارە هەموو كێشەكان لە ڕێگەی دیالۆگ و لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر ببێت.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا، جەختی لە بنەماكانی دۆستایەتی و دراوسێبوون لەنێوان هەردوولا كردەوە. هەروەها ڕۆشنایی خستە سەر بارودۆخی سیاسی و تەحەدییات و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە.