شەممە 19 تەمووز 2025

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە هەڵسووڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق دەكات



ڕۆژی شەممە 19ی تەممووزی 2025 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز باڵیۆز ستیڤن فەیگن هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا كە بەڕێز ستیڤن بیتنەر كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێریش ئامادەی بوو، هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق وێڕای ئاماژەدان بۆ ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی خوازیاری هەرێمی كوردستانی بەهێزە و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان لە بەرژەوەندیی هەموو لایەكە.

هەر لەو دیدارەدا پڕۆسەی چارەسەریی ئاشتی لە توركیا و بارودۆخی سووریا خرایە بەرباس و گفتوگۆ و هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق پێزانینی بۆ ڕۆڵ و هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی لە پاڵپشتیكردنی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و هەروەها لەیەكترنزیككردنەوەی و پتەوكردنی یەكوتاریی لایەنە كوردییەكانی سووریا هەبوو. سەرۆك بارزانیش ڕایگەیاند كە پڕۆسەی چارەسەریی ئاشتی لە توركیا لە بەرژەوەندیی هەموو لایەك و ناوچەكەیە و ئێمە بە هەموو توانایەك پاڵپشتی ئەو پڕۆسەیەین و چیی پێویست بێت بۆ سەرخستنی ئەو پڕۆسەیە ئەنجامی دەدەین.

هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ تەوەرێكی تری ئەو دیدارە بوون و شاندی میوان ئەوەیان بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە ئەمەریكا پێشوازی لەو ڕێككەوتنەی دەكات كە لەنێوان هەردوو حكوومەت لەسەر مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لەئارادایە.