دووشەممە 9 تەمووز 2018

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش دەكات



ڕۆژی دووشەممە 9ـی 7ـی 2018 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بڕێت مەكگورك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە دۆگڵاس سلیمان باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و كین گرووس كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر.

لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی ناوچەكە و هەروەها بارودۆخی سووریا و نیگەرانییەكان لەبارەی ئاییندەی گەلی كورد لە سووریا ئاڵوگۆڕ كرا و نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش سیاسەتی وڵاتەكەی لەمەڕ گۆڕانكارییە هەرێمایەتی و دەولییەكان و ڕەوشی سیاسی و ئەمنیی سووریا خستەڕوو.

بارودۆخی سیاسیی عێراق لە دوای هەڵبژاردن و هەوڵەكانی پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو و تێیدا سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە لەپێناو دووبارەنەبوونەوەی هەڵەكانی ڕابردوو و گەییشتن بە شەراكەتی ڕاستەقینە پێویستە هاوپەیمانێتییەكی هەمە لایەنە لەسەر بنەمای شەراكەت و تەوافوق و هاوسەنگی بە هەموو وردەكارییەكانییەوە دروست بكرێت و میكانیزم و سەقفی زەمەنیش بۆ جێبەجێكردنی ئەو سێ پڕەنسیپە دابنرێت بۆ ئەوەی هەموو پێكهاتەكان هەست بەوە بكەن كە لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا شەریكن و هەر لەژێر ڕۆشنایی ئەو سێ پڕەنسیپەیشدا حكوومەت پێكبهێنرێت.

لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێ لە یارمەتیدانی عێراق و هەرێمی كوردستان و ئەوەیشی خستەڕوو كە دەرفەتی زۆر بۆ كاری هاوبەش هەیە لەپێناو بەدیهێنانی سەقامگیری و متمانە.