یەکشەممە 14 شوبات 2021

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات



ڕۆژی یەكشەممە ١٤ـی شوباتی ٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو جێنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی و دواپێشهاتەكانی عێراق و دانوستاندنەكانی نێوان هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵی و، هەروەها ئاستەنگەكانی بەردەم جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی ئاساییكردنەوەی بارودۆخی شنگال ئاڵوگۆڕ كرا.

لەو دانیشتنەدا نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق جەختی لەوە كردەوە كە نەتەوە یەكگرتووەكان هانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق دەدات كە بەردەوام بن لە دیالۆگ و ڕەخساندنی كەشی ئیجابی بۆ سەرخستنی دانوستاندنەكان و بەدەستهاتنی چارەسەری گونجاو بۆ كێشەكانی نێوانیان.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی پشتگیریی خۆی بۆ دیالۆگی بەردەوامی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق لە چوارچێوەی دەستوور ڕاگەیاند و، ئەوەشی دووپات كردەوە كە ئەگەر لە ساڵانی ڕابردوودا دەستوور وەك خۆی جێبەجێ كرابا زۆر لەو كێشە و گرفتەكانە نەدەبوون كە ئێستا لە نێوان هەردوولا هەن.