یەکشەممە 14 تشرینی یەکەم 2018

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵای هاوپەیمانیی ئیسلاح کرد



ڕۆژی یەکشەممە ١٤ـی١٠ـی٢٠١٨ لە سەلاحەددین، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە سەید عەممار حەکیم و شاندێکی باڵای هاوپەیمانیی ئیسلاح، کرد.

لە دیدارەكەدا شاندی میوان، ڕۆڵ و پێگەی سەرۆک بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستانیان لە مێژوو و ئێستا و داهاتووی كوردستان و عێراق بەرز نرخاند و جەختیان کردەوە کە عێراق پێویستی بە کردنەوەی پەڕەیەکی نوێی پەیوەندیی دۆستانە لە نێوان هەرێم و بەغدا هەیە و پێویستە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بکرێن.

هەروەها ڕایانگەیاند کە ئەوان پێشتریش تەئکیدیان کردۆتەوە پشتیوانیی لەو سێ بنەمایە دەکەن کە سەرۆک بارزانی وەک بنچینەی پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا ناساندوویەتی، کە بریتین لە تەوافق و شەراکەتی ڕاستەقینە و هاوسەنگی.

لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی، وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، ڕۆشنایی خستە سەر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و بە شاندی میوانی راگەیاند کە گەلی كوردستان خاوەنی دۆزێكی ڕەوایە، ئەوەی لای ئێمە گرینگە دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و چارەسەرکردنی ئەو پێشێلکارییانەیە کە لە ڕابردوودا بەرانبەر مافە ڕەواکانی گەلەکەمان کراوە، بۆ ئەوەش پێویستە میکانیزمی ڕوون و گەرەنتیی پابەندبوون بە شەراکەتی ڕاستەقینە و تەوافق و هاوسەنگی، هەبێت.