شەممە 13 تشرینی یەکەم 2018

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای هاوپەیمانێتیی فەتح دەكات



ڕۆژی شەممە 13ـی 10ـی 2018 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی هاوپەیمانێتیی فەتح بە سەرۆكایەتیی ئەبوجیهاد كرد.

لە دیدارەكەدا شاندی هاوپەیمانێتیی فەتح وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵ و پێگەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مێژوو و ئێستا و داهاتووی كوردستان و عێراق جەختیان لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدایان كرد. هەروەها ئەوەیشیان دووپات كردەوە كە كردنەوەی لاپەڕەیەكی تازەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا و چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكان لە بەرژەوەندیی عێراق و هەرێمی كوردستاندا دەبێت.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكە سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و ئەوەیشی دووپات كردەوە كە گەلی كوردستان خاوەنی دۆزێكی ڕەوایە و ڕاشیگەیاند كە كردنەوەی لاپەڕەی تازە و چارەسەركردنی كێشەكان پێویستە لەسەر بنەمای تەوافوق و ڕەچاوكردنی شەراكەت بێت ئەوەیش لەپێناو دووبارەنەبوونەوەی گرفت و كێشەكانی ڕابردوو.