ڕۆژی شەممە 2ـی 2ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندی دەستەی دانوساندنكاری ئۆپۆزیسیۆنی سووریای كرد كە پێكهاتبوو لە د. نەسر حەریری سەرۆكی دەستە و ئەندامانی دەستەی دانوساندنكاری ئۆپۆزیسیۆنی سووریا.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاسی هەڵوێستەكانی سەرۆك بارزانیان كرد لە پاڵپشتیكردن و پەرۆشی بۆ بارودۆخ و ژیان و گوزەرانی خەڵكی سووریا لە شەڕ و قەیرانە قووڵەكانی ساڵانی ڕابردوو و، وێڕای جەخت كردنەوە لە پێگە و كاریگەریی سەرۆك بارزانی لە چارەسەركردنی كێشەكان، داوایان كرد سەرۆك بارزانی ڕۆڵی هەبێت لە سەرخستنی ئەو هەوڵانەی كە بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سووریا و ئاییندەی كورد لە سووریا لە ئارادان.
هەر لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی هەڵوێستی وڵاتانی زلهێز و دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی سووریا و هەروەها بڕیاری پاشەكشەی هێزەكانی ئەمەریكا لەو وڵاتە ئاڵوگۆڕ كرا و جەختیش لە هاوكاری و هەماهەنگی هەموو لایەك كرایەوە بۆ ئەوەی گرفتەكان لە ڕێگەی سیاسی و بەشێوازی دیالۆگ و لێكتێگەییشتن چارەسەر بكرێت. هەروەها ڕۆشناییش خرایە سەر ڕۆڵی لایەنە سیاسییە كوردییەكانی سووریا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و تێپەڕاندنی قەیرانەكان.