یەکشەممە 7 شوبات 2021

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە سەرۆكی هۆزی شەممەر لە سووریا دەكات  



ڕۆژی یەكشەممە ٧ی شوباتی ٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شێخ حومێد دەهام ئەلهادی شێخ و سەرۆكی هۆزی شەممەر لە سووریا كرد.

لە دیدارەكەدا دوای ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا لەمەڕ بارودۆخ و دوا پێشهاتەكانی سووریا هەردوولا وێڕای ئاماژەدان بە دۆستایەتی و پەیوەندیی دێرینەی نێوانیان، جەختیان لەسەر پتەوتركردنی پەیوەندی و برایەتیی نێوان كورد و عەرەب و نەتەوەکانی تر لە سووریا و بە تایبەت لە ناوچەی جزیرە كردەوە.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی بە پەرۆشەوە باسی لە بارودۆخی نالەباری سووریا كرد و هیوای خواست كە چارەسەرێكی سیاسیی گشتگیر هەبێت بۆ ڕزگاربوونی پێكهاتەكانی سووریا لەو نەهامەتی و تەنگوچەڵەمە چەند ساڵەیەی لەئارادایە. هەروەها سەرۆك بارزانی پاراستنی ئاساییش و ئارامیی ناوچەكە و، بەهێزكردنی بنەماكانی پێكەوەژیانیشی وەك بنەمایەك بۆ گەڕانەوەی ئارامی و ئاسوودەیی بۆ خەڵكی ناوچەكە بە پێویست زانی.