پێنجشەممە 28 ئازار 2019

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە زانای كورد كۆچەر بیركار دەكات




ڕۆژی پێنجشەممە 28ـی 3ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە زانای كورد و خاوەنی مەدالیای فیڵدز، دكتۆر كۆچەر بیركار كرد.

لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی دكتۆر كۆچەر بیركاری كرد و ڕایگەیاند كە كۆچەر بیركار جێگەی شانازییە بۆ هەموو تاكێكی كورد و هیوای خواست كە نموونەی وەك دكتۆر كۆچەر لەناو لاوانی كورد زیاتر بن. هەروەها ئەوەیشی خستەڕوو كە دەستكەوتەكانی دكتۆر كۆچەر لە بواری زانستدا سەلمێنەری ئەوەیە كە ئەگەر لاوانی كورد دەرفەتیان بۆ بڕەخسێ وەك گەنجانی دیكەی جیهان دەتوانن لە بواری زانست و داهێناندا سەركەوتن بەدەست بهێنن. سەرۆك بارزانی پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەكانی ئەو زانایەی گەلی كوردستان ڕاگەیاند لە یارمەتیدانی ئاستی زانستی و پێگەیاندنی قوتابیانی كوردستان و هیوای سەركەوتن و تەمەندرێژیی بۆ خواست.

هەر لەو دیدارەدا دكتۆر كۆچەر بیركار وێڕای سوپاسگوزاری بۆ پشتگیرییەكانی سەرۆك بارزانی، باسی لە كۆمەڵێك پڕۆژە و بیرۆكەی خۆی كرد كە بە نیازە بە هاوكاری لەگەڵ زانكۆی سەلاحەددین بۆ یارمەتیدانی قوتابیانی كوردستان پێشكەشی بكات.