چوارشەممە 24 شوبات 2021

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە جێگری وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا دەكات



ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ـی شوباتی ٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئارتاك ئاپیتۆنیان جێگری وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە هارچیا پۆلادیان باڵیۆزی ئەرمینیا لە عێراق و ئارشاك مانۆكیان كونسوڵی ئەرمینیا لە هەولێر و چەند دیپلۆماتكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینیا.
 
لە كۆبوونەوەكەدا جێگری وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا پێزانینی بۆ خەبات و ماندووبوونی سەرۆك بارزانی هەبوو كە ژیانی خۆی بۆ ئازادی و مافەكانی نەتەوەكەی تەرخان كردووە. هەروەها سوپاسی سەرۆك بارزانی و دامودەزگەی هەرێم و خەڵكی هەرێمی كوردستانی كرد لە پاراستن و قووڵتركردنی پێكەوەژیان و پاراستنی مافی پێكهاتەی ئەرمەن لە هەرێمی كوردستان. جەختیشی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی خوازیارە پەیوەندییە دیپلۆماسی و بازرگانییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەهێز و فراوان بكات.
 
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندیی دێرینی گەلی كوردستان و گەلی ئەرمینیا دا و ئەوەی خستەڕوو كە پەخشی یەكەم ڕادیۆی كوردی لە یێریڤانی پایتەختی ئەرمینیا بەڵگەیە لەسەر ئەو پەیوەندییە مێژوویی و فەرهەنگییەی نێوان هەردوو گەل. خۆشحاڵیی خۆشی دەربڕی بەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەرمینیا فراوانتر ببن. ئەوەشی دووپاتكردەوە كە كوردستان وەك نموونەی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی دەمێنێتەوە و بە هەموو توانایەك پشتیوانی لە مافی پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان دەكات.