چوارشەممە 16 حوزەیران 2021

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە جێگری فەرماندەی گشتیی هێزی هاوپەیمانان دەكات  



ڕۆژی چوارشەممە ١٦ـی حوزەیرانی ٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بێڵ ڕیچارد جێگری فەرماندەی گشتیی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا جێگری فەرماندەی گشتیی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا سەرەخۆشی لە سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان كرد بە هۆی شەهیدبوونی ئەو پێشمەرگانەی لە لایەن پەكەكەوە لە چیای مەتین شەهید بوونە و هیوای چاكبوونەوەی بۆ برینداران خواست. هەر لەو كۆبوونەوەیەدا جێگری فەرماندەی گشتیی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا بارودۆخی مەیدانیی هەوڵی هاوپەیمانان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریای بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو.

لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا دروستكردنی ناوەندی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی عێراقی بۆ پاراستنی ناوچەكان لە هەڕەشەی تیرۆریستان و هەروەها هەنگاونان بۆ پێكهێنانی هێزی هاوبەشی هەردوولا بۆ هەمان مەبەست بە گرنگ و بەرهەمدار وەسف كرا.

هەوڵەكان بۆ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و ئەنجامدانی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە تەوەرێكی تری ئەو دیدارە بوو و، جێگری فەرماندەی گشتیی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا ئەوەی خستەڕوو كە یەكخستنەوەی پێشمەرگە بە لای وڵاتانی هاوپەیمانەوە گرنگی و بایەخێكی تایبەتی هەیە.