سێشەممە 16 ئازار 2021

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق دەكات  



ڕۆژی سێشەممە 16ـی ئاداری 2021 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە سوزوكی كوتارو باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق سەرسامی خۆی بە سەقامگیری و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا كە ئەو سەقامگیرییەی هەرێمی كوردستان یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی ڕێكخراو و كۆمپانییە ژاپۆنییەكان بتوانن بە باشی و بێ گیروگرفت لە كوردستان كار و چالاكییەكانیان ئەنجام بدەن. هەروەها جەختیشی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی خوازیارە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان پەرە پێ بدات لە بوارە جیاجیاكان بە تایبەت بواری كشتوكاڵ و كارەبا.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەتی ژاپۆنی كرد بۆ ئەو یارمەتیانەی پێشكەشی هەرێمی كوردستانیان كردووە و هیوای فراوانتربوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولای خواست.

پەیوەست بە بارودۆخی سیاسی و دوا پێشهاتەكانی ناوچەكە هەردوولا جەختیان لە دیالۆگ و ڕێكاری ئاشتیانە بۆ چارەسەركردنی قەیران و كێشەكان كردەوە.