سێشەممە 6 تەمووز 2021

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق دەكات



ڕۆژی سێشەممە ٦ـی تەمموزی  ٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئیلبروس كوتراشیڤ باڵیۆزی تازەی ڕووسیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانكارییە سیاسییەكان لەسەر ئاستی عێراق و سووریا و ناوچەكە و هەڕەشەكانی تیرۆر ئاڵوگۆڕ كرا و، پەیوەست بە شەڕی تیرۆرەوە، سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە ڕیشەكێشكردنی تیرۆر هەوڵێكی هەمە لایەنەی نێودەوڵەتی گەرەكە و بە پێویستیشی زانی كە هەوڵەكان بۆ لەناوبردنی تیرۆر لە عێراق و سووریا هاوكات و هاوتەریبی یەكتر بێت.

هەر لەوە دیدارەدا تەحەددیاتی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق خرایە بەر باس و گفتوگۆ و، جەخت لەسەر كاریگەریی بارودۆخی عێراق لەسەر سەقامگیریی ناوچەكە كرایەوە.

پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ڕووسیا تەوەرێكی تری ئەو دیدارە بوو و سەرۆك بارزانی هیوای سەركەوتنی بۆ باڵیۆزی تازەی ڕووسیا لە عێراق خواست لە ئەرك و چالاكییەكانیدا.