یەکشەممە 21 شوبات 2021

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق دەكات  



ڕۆژی یەكشەممە ٢١ـی شوباتی ٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە میشێل ڕێنتەنار باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا كە هانس ئاكێربووم كونسوڵی هۆڵەندا لە هەولێر ئامادەی بوو، باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق پێزانینی هەبوو بۆ ڕۆڵی مێژوویی سەرۆك بارزانی لە خەباتی گەلی كوردستان و پاراستنی سەقامگیری و شەڕی تیرۆر. هەروەها جەختی لەوەش كردەوە كە وڵاتەكەی لە شەڕی تیرۆردا یارمەتیدەری عێراق و هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە دەمێنێتەوە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و هۆڵەندا لە بواری كشتوكاڵ و بوارە جیاجیاكانی تر كرایەوە.