چوارشەممە 15 ئایار 2019

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق دەكات



ڕۆژی چوارشەممە 15ـی 5ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە جۆن ویلكس باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق و مارتین وار كونسوڵی بریتانیا لە هەولێر كرد.

لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسییەكان لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و هەروەها پڕۆسەی سیاسیی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا و وێڕای ئاماژەدان بە بەردەوامیی هەڕەشە و مەترسییەكانی داعش لەسەر ئاساییشی عێراق و ناوچەكە جەخت لەوە كرایەوە كە گۆڕانكاری و پێشهاتە سیاسییەكان نەبێتە هۆی ئەوەی تەركیز لەسەر شەڕی داعش كەم ببێتەوە.

ژیان و گوزەرانی ئاوارەكان لە پارێزگای نەینەوا و هەروەها كاركردن بۆ گەڕاندنەوەی ئێزییدییەكان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دابینكردنی ئاساییش و خزمەتگوزاری لە ناوچەكانیان تەوەرێكی دیكەی ئەو دانیشتنە بوو.