یەکشەممە 5 حوزەیران 2022

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق دەكات  



ڕۆژی یەكشەممە ٥ـی حوزەیرانی ٢٠٢٢ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە مارك برایسن ڕیچاردسۆن باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا كە دێڤید هانت كونسوڵی بریتانیا لە هەولێر ئامادەی بوو هەنگاوەكانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق و تەحەددیات و ئاستەنگەكانی بەردەم پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق تاوتوێ كرا.

هەر لەو دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بڕیارەكانی دادگەی فیدڕاڵیی عێراق و سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە پابەندبوون بە دەستوور و گفتوگۆ چارەسەری گرفت و قەیرانەكانی عێراقە. پەیوەست بە بارودۆخی سیاسیی هەرێم و مافی پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان، سەرۆك بارزانی پابەندبوونی خۆی بەرانبەر پاراستنی مافی هەموو پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە.

پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بریتانیا تەوەرێكی تری ئەو كۆبوونەوە بوو و باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق پابەندبوونی وڵاتەكەی بە ئەنجامەكانی سەردانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بۆ بریتانیا و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا دووپاتكردەوە.