چوارشەممە 3 تشرینی یەکەم 2018

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق دەكات



ڕۆژی چوارشەممە 3ـی 10ـی 2018 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە جۆن وێلكس باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق پیرۆزبایی سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان و سەركەوتنی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەرۆك بارزانی كرد و هیوای خواست كە ئەو سەركەوتنەی پارتی دیموكراتی كوردستان كاریگەر بێت لە پێشخستنی هەرێمی كوردستان و بەهێزتربوونی بنەماكانی ژیانی دیموكراسی لە هەرێم.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و دوایین پێشهاتەكان لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق تاوتوێ كرا و بیروڕا لەبارەی ڕۆڵی لایەنە كوردستانییەكان لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق ئاڵۆگۆڕ كرا.

پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بریتانیا تەوەرێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە بوو و باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق جەختی لە ویستی وڵاتەكەی بۆ پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە لە بواری ئابووری و كارگێڕی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و دژایەتیكردنی تیرۆر كردەوە.