چوارشەممە 20 ئازار 2024

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق دەكات  



ڕۆژی چوارشەممە 20ی ئاداری 2024 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو ئەلینا ڕومەنسکی باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ئەمەریكا پیرۆزبایی نەورۆزی لە سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان كرد. هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان و دواپێشهاتەكان، نیگەرانیی خۆی و وڵاتەكەی لە دوا پێشهاتە سیاسیەكان دەربڕی و داواشی كرد كە پارتی دیموكراتی كوردستان ڕۆڵی خۆی ببینێت و لەگەڵ لایەنەكانی تر پێكەوە كێشە و نیگەرانی و تێبینیەكانی پەیوەست بە هەڵبژاردنەكانی هەرێم چارەسەر بكەن.

لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە هۆكارەكانی دەرچوونی بەیاننامەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان دا و ئەوەی بۆ شاندی میوان ڕوونکردەوە كە هەر لە سەرەتای نەوەدەكانی سەددەی ڕابردوو پارتی دەستپێشخەری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە و خۆی لە ساڵی 1991 داوای كردووە كە پێویستە شەرعیەتی شۆڕشگێڕی جێگەی خۆی بداتە شەرعیەتی دەستووری و هەڵبژاردن بكرێ. پارتی هەمیشە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بووە ترسی لە هەڵبژاردن نیە بەڵكو تێبینی لەسەر شێوازی هەڵبژاردن و مەترسیی تێكدانی بنەماكانی پێكەوەژیان و نەهێشتنی بەشداریی پێكهاتەكان لە ژیانی سیاسیدا هەیە. سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە بە بیانووی جۆراوجۆر دووساڵ هەڵبژاردنیان دواخست، دەستی نامۆ و دەرەكی خرانە ناو ئەو بابەتە و لە بەها و پێگەی هەرێمیان كەم كردەوە. هەروەها بە شێوەیەکی نا دەستوری و نا یاسایی بڕیار و یاساکانی هەرێمی کوردستانیان گوڕی و ستەمێکی گەورەیان لە پێكهاتەكان و تێكڕای خەڵكی كوردستان كرد.

سەرۆك بارزانی ئەوەشی دووپات كردەوە كە پارتی بایكۆتی هەڵبژاردنی نەكردووە بەڵكو لەگەڵ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و شەفاف و جێگەی دڵنیایی و دوور لە دەستوەردانی دەرەكی و بەرنامەی پێشوەختەیە كە تێیدا دەنگدەران لە مافی دەنگدان بێبەش نەكرێن و پڕۆسەی دیموكراسی بێ بەها نەكرێت و یاساکانی هەرێم پێشێل نەکرێن. لە درێژەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دا وە ئەوەی خستەڕوو كە ڕێككەوتنێكی ڕوون و هەمەلایەنە لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی لەژێر ناوی ئیئتیلافی دەوڵەت هەیە كە بەداخەوە هیچ یەك لە خاڵە گرنگەكانی ئەو ڕێككەوتنامەیە جێبەجێ نەكراوە. ڕێككەوتنەكە لەپێناو ئەوە بوو كە سەقامگیری بێتە دی و خەڵك بگاتە خوشگوزەرانی و بنەماكانی شەراكەت و تەوازون و تەوافوق پیادە ببن، بەڵام هیچ یەك لەمانە نەكران. سەرۆك بارزانی جەختی كردەوە كە لە ڕاوێژ و هەماهەنگیی بەردەوامدا دەبن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و نەهێشتنی نیگەرانییەكان.