چوارشەممە 6 ئازار 2024

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئازەربایجان لە عێراق دەكات



ڕۆژی چوارشەممە 6ی ئاداری 2024 لە سەلاحەددین، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز نەسیڕ مامەدۆڤ باڵیۆزی ئازەربایجان لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا باس لە دوایین پێشهاتەکان و پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نیوان ئازەربایجان و هەرێمی کوردستان کرا و، باڵیۆزی ئازەربایجان ئاماژەی بە پەیوەندییە لە مێژینە هاوبەشەکانی نێوان هەردوولا کرد و، داخوازی بەردەوامیدان و پتەوکردنی خستەڕوو، بەتایبەتی لە بوارەکانی رۆشنبیری و ئابووریی.

لەلای خۆیەوە، سەرۆک بارزانی ستایشی پەیوەندیی دوورودریژ و چەسپاوی نێوان ئازەربایجان و کوردستان کرد و هیوای خواست ئەم پەیوەندییە بەردەوام لە بەرەو پێشچووندا بێت، بەتایبەت لە لایەنەکانی کشتوکاڵ و رۆشنبیریی.

لە کۆتایی دیدارەکەشدا، نەسیڕ مامەدۆڤ باڵیۆزی ئازەربایجان سوپاسی خۆی بۆ سەرۆک بارزانی دووپات کردەوە، لەپای پیشوازی گەرمی و میواندارییەکەی.