ڕۆژی سێشەممە 10ی ئاداری 2026 سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز مامۆستا سەلاحەددین بەهائەدین ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان كرد.
لە دیدارەكەدا مامۆستا سەلاحەددین بەهائەدین وێڕای ئاماژەدان بە بارودۆخی ناوچەكە جەختی لەوە كردەوە كە سەرەڕای بوونی جیاوازیی بۆچوونی سیاسیی نێوان لایەنەكان، دۆخەكە وا دەخوازێ كە دەبێ ڕاگۆڕینەوە و هەماهەنگیی بەردەوامی نێوان هێزە سیاسیەكان لەسەر بابەتە هەستیارەكان هەبێت و سوپاسی ڕۆڵی سەرۆك بارزانیشی كرد بۆ ئەو پەرۆشی و بەدەنگەوەهاتن و هەوڵە بەردەوامەكانی بۆ پاراستنی گەلی كورد لە ڕۆژئاوا و هەروەها ئەو ڕۆڵە كاریگەرەی لە پڕۆسەی ئاشتی لە توركیادا بینیویەتی.
هەر لەو دیدارەدا پەیوەست بە دوا پێشهاتەكانی ناوچەكە سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە هەرێمی كوردستان بەشێك نیە لەو شەڕە و هەمیشە خوازیاری گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانەی كێشەكانە. هەورەها باسی لەوەش كرد كە ئەولەویەتمان پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی كوردستانە و هەرێمی كوردستانیش لەپێناو نەهێشتنی كێشەكان و پاراستنی سەقامگیری ئامادەیە لە هەر ڕۆڵێكی ئاشتیخوازانەدا بەشدار بێ كە لێی بخوازرێ. لە بەشێكی تری وتەكانیدا سەرۆك بارزانی نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی هەندێ گرووپ لە پەراوێزی ئەم شەڕە ناوچەییەدا و لەژێر بیانووی بێ بنەما پەلاماری هەرێمی كوردستان دەدەن و ڕاشیگەیاند داوا لە حكوومەتی عێراق و چوارچێوەی هەماهەنگی كراوە كە سنوورێك بۆ ڕەفتاری ئەم گرووپە لە یاسا دەرچووانە دابنرێت.
پەیوەست بە پڕۆسەی ناوخۆی هەرێم، سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە لەبەر بەرژەوەندییە باڵاكان و هەستیاریی قۆناغەكە پێویستە لایەنە سیاسییەكان هەماهەنگی و گفتوگۆی زیاتریان هەبێت و گرنگە هەموو لایەك دەستوبرد بكەن بۆ كاراكردنی پەرلەمان و پێكهێنانی حكوومەتێكی بنكەفراوانی نیشتیمانی كە تێیدا هەموو لایەك شان بدەنە بەر بەرپرسیارێتی. هەروەها بۆ بابەتی پێكهێنانی ئەنجوومەنی سیاسیش بە پێویستی زانی هەموو پارتە سیاسیەكان تێیدا بەشدار بن بەڵام ئەو ئەنجوومەنە نەبێتە ئەلتەرناتیڤی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان.