ڕۆژی دووشەممە 2ـی شوباتی 2026 لە پیرمام سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ شاندێكی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی كۆبۆوە كە پێكهاتبوو لە بەڕێز محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی هاوپەیمانیی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان و بەڕێز هادی عامری سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی بەدر و بەڕێز موحسن مەندەلاوی سەرۆكی هاوپەیمانیی ئەساس و بەڕێز عەباس ڕازی سكرتێری گشتیی چوارچێوەی هەماهەنگی.
لەو كۆبوونەوەیەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەنگاوەكانی ناو پڕۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار و هەروەها پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراقی فیدڕاڵ.
پەیوەست بە بابەتی سەرۆككۆمار سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە سەرۆككۆمار پشكی كوردە و دەبێ میكانیزمێكی دیاریكراو بۆ هەڵبژاردنی دیاری بكرێت و بچەسپێندرێت بۆ ئەوەی هەموو كەڕەتێك پڕۆسەی سیاسی تووشی كێشە نەبێت و بەپێی ئەو میكانیزمانە بەربژێری سەرۆككۆمار هەڵبژێردرێت.
بارودۆخی سیاسی و دوا گۆڕانكارییەكانی سووریا و ناوچەكە بە گشتی و هەماهەنگیی نێوان لایەنە سیاسیەكان تەورەی تری ئەو دیدارە بوون.
جێگەی ئاماژەپێكردنە لەو كۆبوونەوەیەدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و بەڕێز مەسرور بارزانی جێگرانی سەرۆكی پارتی و بەڕێز فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی و بەڕێز هۆشیار زێباری و بەڕێز مەحمود محەمەد و بەڕێز سیداد بارزانی ئەندامانی دەستەی كارگێڕی و بەڕێز فواد حوسێن ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەی بوون.