پێنجشەممە 6 تشرینی دووەم 2025

سەرۆك بارزانی لەگەڵ بەرپرس و کادیرانی لقی شەشی ئەوروپای پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوویەوە



ڕۆژی پێنجشەممە 6ـی تشرینی دووەمی 2025 لە پیرمام، سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ بەرپرس و کادیرانی لقی شەشی ئەوروپای پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوویەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانیان، خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە گەڕانەوە و پاڵپشتیان بۆ سەرخستنی لیستی 275ـی پارتی دیموکراتی کوردستان. لەو سونگەیەشەوە سەرۆک بارزانی باسی لە ڕۆڵ و ماندووبونی هەڤاڵانی تاراوگە کرد کە هەمیشە بۆ سەرخستنی پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان ڕۆلی بەرچاویان هەبووە و تێکۆشاون، و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.

سەرۆک بارزانی لە بارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کورتەیەکی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو و باسی لە بنەماکانی دەستووری هەمیشەیی عێراق و پەیڕەونەکردنی بڕگەکانی دەستوور کرد کە بوون بە هۆکاری سەرهەڵدانی دەیان کێشە و گرفت لە نێوان هەولێر و بەغدا، هەروەها سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە جێبەجێکردنی بڕگەکانی دەستووری عێراق هۆکاری سەرەکی سەقامگیری و ئاوەدانی و پێکەوەژیانە.

لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا سەرۆک بارزانی بوختەیەکی لە بارەی زوڵم و تاوانکارییەکانی رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق دەرهەق بە گەلی کوردستان خستەڕوو، و رایگەیاند دوای ئەو هەموو زوڵم زۆرداری و ماڵوێرانییەی کە بەسەر گەلی کوردستاندا هات، لە ئێستاش دا کە هەرێمی کوردستان خاوەنی قەوارەیەکی سیاسییە و لەو چوارچێوەیەدا وێڕای هەبوونی ئاستەنگ و ڕێگری بەردەوام هەرێمی کوردستان لە هەوڵێکی چڕدایە بۆ پێشخستن و ئاوەدان کردنەوەی شار و شارۆچکەکانی بەبێ جیاوازی و پڕۆژەی زۆر گەورەش ئەنجامدراون پشکی شێری ئەو پرۆژانەش بە توانای دەستی ناوخۆیی هاتوونەتە ئاراوە، هەروەها سەرۆک بارزانی بە ئامادەبوانی راگەیاند کە چۆن لە رابردوودا پێشمەرگە ئاسا تێکۆشاون لە ئێستاشدا بەردەوام بن دژی ئەو هەوڵانەی کە بۆ خەڵک و حکومەت و هەرێمی کوردستان بە گشتی دروست دەکرێن. سەرۆک بارزانی ئەوەشی خستەڕوو کە دوژمنان بە پڵانی جۆراوجۆر هەوڵی تێکدانی ئەو ئەزموونەی هەرێمی کوردستان دەدەن، بە تایبەت لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر لەناو کۆمەلگادا.

هەروەها سەرۆك بارزانی بە ئامادەبوانی راگەیاند کە پێویستە هەموومان پشت بوخۆمان ببەستین و چاومان لە دەستی کەس نەبێت. لە مێژوودا دیارە چ کاتێک کوردستان کەوتبێتە دۆخێکی مەترسیدار و بەر هێرشی نەیاران، هەر پێشمەرگە بووە بە تەنها بەرگریکری لە خاک و کەڕامەتی کوردستانییان کردووە.

لە کۆتایی وتەکەیدا سەرۆک بارزانی رایگەیاند ئێمە پشتمان بە خودا و گەلی خۆمان بەستووە، بۆیەش لە هیچ دۆخێک و لە ژێر هیچ فشارێک سازش لەسەر مافە رەواکانی گەلی خۆمان ناکەین.