سێشەممە 27 تشرینی دووەم 2018

سەرۆك بارزانی لەگەڵ ئەمیری كوەیت كۆبۆوە



لەدرێژەی سەردانەكەی بۆ وڵاتانی كەنداو، سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ شاندی یاوەری كە پێكهاتبوو لە مەسرور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی كوردستان و ئازاد بەرواری ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەردانی كوەیتی كرد و سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە 27ـی 11ـی 2018 لە لایەن سمو شێخ سەباح ئەلئەحمەد ئەمیری كوەیت پێشوازی كرا.

لەو كۆبوونەوەیەكدا بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسی و گۆڕانكارییەكانی عێراق و ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا و هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و وڵاتی كوەیت و چۆنییەتی پێشخستنی ئەو پەیوەندییانە.

پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو.

هەر هەمان ڕۆژ سەرۆك مەسعود بارزانی و شاندی یاوەری لەگەڵ شێخ ناسر سەباح ئەلئەحمەد جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری بەرگریی كوەیت كۆبوونەوە. لەو كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی هەردوولا تاوتوێ كرا و جەخت لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی كوەیت كرایەوە.

دواین وێستگەی سەردانی سەرۆك مەسعود بارزانی و شاندی یاوەری بۆ وڵاتی كوەیت سەردانیكردنی ناوەندی كولتووریی شێخ جابر ئەلئەحمەد و هەروەها دیدار و كۆبوونەوەیان بوو لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی سندووقی كوەیتیی گەشەپێدانی ئابووریی عەرەبی.