شەممە 11 ئەیلوول 2021

سەرۆك بارزانی بەشداری لە مەراسیمی دەستپێكی هەڵمەتی بانگەشەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا كرد



ڕۆژی شەممە 11ی ئەیلوولی 2021 لە شاری هەولێر سەرۆك مەسعود بارزانی بەشداری لە مەراسیمی دەستپێكی هەڵمەتی بانگەشەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا كرد.

هەر لەو مەراسیمەدا سەرۆك بارزانی وتەیەكی پێشكەشی ئامادەبووان كرد و تێیدا تیشكی خستە سەر شەستەمین ساڵیادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و ئاماژەی بەوەدا كە شۆڕشی ئەیلوول شۆڕشێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی و چەكداری بووە و لەپێناو دروستكردنی تاكی كورد بووە بۆ ئەوەی كورد ئەو بڕوایەی بۆ دروست ببێت كە خاوەنی قەزییەیە و بەرگری لە قەزییەی خۆی بكات. سەرۆك بارزانی ئەوەشی دووپات كردەوە كە شۆڕشی ئەیلوول پەناگەیەك بوو بۆ تێكۆشەر و پێكهاتەكانی تری عێراقیش و بەردی بناخەیەكیش بوو بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد و گەلی كوردستانی هۆشیار كردەوە.

هەر لە درێژەی وتەكەیدا سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ڕایگەیاند سەرباری بوونی تێبینی زۆر لەسەر سیستەمی هەڵبژاردن و نەبوونی دادپەروەری لە دابەشكردنی كورسییەكان و ئەنجامنەدانی سەرژمێری بەڵام لەبەر بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی سەنگی پارتی و كورد بڕیار درا كە پارتی بەشداری هەڵبژاردن ببێت. داواشی كرد خەڵك بەشداری هەڵبژاردن ببن و هەڵبژاردنێكی بێگەرد و خاوێن بەڕێوە بچێت. سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەكردن بەوەی كە لە مانگی ئازاری 1991 داوای كرد كە پێویستە هەڵبژاردن بكرێت و لە قۆناغی شەرعییەتی شۆڕشگێڕی بۆ شەرعییەتی دەستووری بچین، جەختی لەوە كردەوە كە هەڵبژاردن باشترین ڕێگەیە بۆ گۆڕانكاری لە دەستەڵات.

سەرۆك بارزانی هێمای بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پێشووی عێراق دا و ڕایگەیاند كە گەلی كوردستان لە هەڵبژاردنی پێشوودا پاداشی هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانی پارتی دایەوە. هیواشی خواست لە هەڵبژاردنی چارەنووسسازی ئەمجارە پارتی ئەنجامی باش بەدەست بهێنێت. داواشی لە پارتییەكان كرد كە پابەندی ڕێنماییەكانی هەڵبژاردن بن و خۆیان لە زمانی زبر و لابەلا بپارێزن و ڕەچاوی هێمنی و ئاساییش بكەن. هەروەها داواشی لە لایەنەكان كرد كە لە جیاتی هەوڵی یەكتر شكاندن بیر لەوە بكەنەوە كە چۆن بەیەكەوە كار بكەن و لەبەرانبەر تەحەددیاتەكاندا بوەستن. بە پێویستیشی زانی كە گرفتەكان لەگەڵ بەغدا بە لەیەكتێگەییشتن و لەسەر بنەمای شەراكەت و هاوسەنگی و سازان چارەسەر بكرێن.

هەر لەو وتارەیەدا سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە كێشەی گەلی كوردستان بە تەنیا مووچە نییە بەڵكو گەلی كوردستان خاوەنی دۆزێكی سیاسییە و دەبێ دوور لە عاتیفە و دەمارگیری بیر لە چارەسەری جددی بكرێتەوە. سەرۆك بارزانی ئاماژەشی بەوەدا كە خەڵك مافی خۆیەتی نیگەرانی ئاییندە بێت و بۆ نەهێشتنی ئەو نیگەرانییە دەبێ هەموو لایەك هەوڵ بدەین پێكەوە كەموكوڕییەكان نەهێڵین. سەرۆك بارزانی خەڵكی كوردستانی لەوەش دڵنیا كردەوە كە هێزی پێشمەرگە بە قارەمانێتی خۆی بەرگری كرد و بە بوونی ڕۆڵەی دڵسۆز و قارەمان ڕێگە نادات كە كوردستان بكەوێتە دەست بێگانە.

لە كۆتایی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی داوای لە دامەزراوەكانی هەرێم كرد كە بیر لەوە بكەنەوە خزمەتگوزاریی باشتر پێشكەشی خەڵكی كوردستان بكەن و جەختی لە بایەخی پەروەردە كردەوە و بە پێویستی زانی كە پەروەردەی جیلی نوێ لەسەر بنەمای وەفا و خۆشەویستی بۆ نیشتیمان بێت. سەرۆك بارزانی هیوای سەركەوتنی بۆ كاندیدانی پارتی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خواست و داوی لێ كردن كە قسەی كەم بكەن و كاری زۆر بۆ میللەتەكەیان بكەن.