رۆژی سێشەممە 25ی تشرینی دووەمی 2025 لە پیرمام سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی بەڕێز جوشوا هاریس هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا کرد.
لە دیدارەکەدا کە خاتوو گویندەلن گرین کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێریش ئامادەی بوو، هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا پیرۆزبایی سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی لە سەرۆک بارزانی کرد، سوپاسی هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی کرد لەپێناو سەرخستنی پڕۆسەی هەڵبژاردن. هەروەها باسی لە هەنگاوەکانی دوای هەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەکانی عێراقی کرد لەپێناو پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق.
لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی بەخێرهاتنی شاندی مێوانی کرد و رۆشنایی خستە سەر قۆناغی دوای هەڵبژاردن لە عێراق و پێکهێنانی کابینەی نوێ کە ڕەنگدانەوەی خواستی تەواوی گەلی عێراق و لەسەر بنەمای دەستوور بێت.
لەبارەی هەرێمی کوردستان سەرۆک بارزانی جەختی لە بەردەوامیی گفتوگۆکان کردەوە لە نێوان هەموو لایەنە کوردستانییەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لە بەشێکی تری ئەو دیدارە گۆڕانکاری و ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە بە گشتیی باسیان لێوەکرا. هەرودوولا هاوڕابوون لەسەر پێشخستن و بەردەوامی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان و عێراق.