سێشەممە 25 تشرینی دووەم 2025

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی فەرەنسا لە بەغدا دەکات  



ڕۆژی سێشەممە 25ی تشرینی دووەمی 2025 لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز پاتریک دورێل باڵیۆزی فەرەنسا لە بەغدا کرد.

لە دیدارەکەدا کە بەڕێز یان برێم کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە هەولێر ئامادەی بوو، باڵیۆزی فەرەنسا لە بەغدا پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی کرد بەبۆنەی سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکان، ئومێدیان خواست لە قوناغی داهاتوو گفتوگۆ و دانوستاندنەکان لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم و عێراق بەشێوەیەکی کارا بەڕێوەبچن، بۆ ئەوەی بتوانرێ حکومەتێکی کارا بێتە کایەوە کە لە ئاست داخوازیەکانی خەڵکی عێراق بێت.

هەر لە دیدارەکەدا بارودۆخی عێراق و ناوچەکە بەگشتی و پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی نێو پڕۆسەی سیاسی عێراق و سەقامگیری ناوچەکە و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و پەیوەندییەکانی نێوان هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان تاوتوێ کران.

لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی سوپاس و ستایشی ڕۆڵی مێژوویی فەرەنسای کرد و تیشکی خستە سەر دوا گفتوگۆ و دانوستاندنەکانی دوای ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق، هەروەها سەرۆک بارزانی رۆشنایی خستە سەر هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم بە رێگای گفتوگۆ لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان.