پێنجشەممە 14 ئەیلوول 2023

سەرۆك بارزانی لەگەڵ نوێنەرانی پێكهاتەكانی پارێزگای كەركووك كۆبۆوە



ڕۆژی پێنجشەممە 14ی ئەیلوولی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ نوێنەرانی پێكهاتە جیاجیاكانی پارێزگای كەركووك كۆبۆوە.

لە كۆبوونەوەكەدا ئامادەبوان بیروڕایان لەبارەی ڕووداوەكانی ئەم دوایەی كەركووك و دۆخی گشتیی پارێزگای كەركووك و مەترسی و هەڕەشەكانی بەردەم سەقامگیری و پێكەوەژیانی پارێزگای كەركووك خستەڕوو.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر بارودۆخی كەركووك و جەختی لەوە كردەوە كە كەركووك شاری پێكەوەژیان و برایەتییە و پێویستە هەموو لایەك لە ئیدارەدان و بنیاتنانی داهاتووی ئەو شارە بەشدار بن و، بە پێویستیشی زانی كێشە و گرفتەكان لە ڕێگەی دیالۆگ و بە گوێرەی یاسا و دەستوور چارەسەر بكرێن.