پێنجشەممە 13 تشرینی یەکەم 2022

پەیامێك لە سەرۆك بارزانییەوە بۆ ڕای گشتیی



بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارەوە، هەر لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو هەتا ئێستا هەوڵێکی زۆر درا بۆ ئەوەی ئیرادە و ئیستحقاقاتی گەلی کوردستان دەستی بەسەردا بگیرێت و کەسێک لە دەرەوەی کۆدەنگی و ئیرادەی گەلی کوردستان وەک سەرۆککۆمار بسەپێندرێت. بەڵام ئەو هەوڵانە سەرنەکەوتن و ڕێگە نەدرا ئیرادەی خەڵکی کوردستان پشتگوێ بخرێت.

بۆ ئێمە هەمیشە پڕەنسیپ گرنگترە لە پۆست و پلە و پایە و، دواجاریش ئەو پڕەنسیپە سەرکەوت کە نابێ کەسێک بەسەر ئیرادەی گەلی کوردستاندا بسەپێندرێت و بکرێتە سەرۆککۆمار.

هیوادارم هەنگاوەكانی داهاتووی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق لە خزمەتی بەرژەوەندیی عێراقی فیدڕاڵ و هەرێمی كوردستاندا بێت و كەشوهەوایەكی نوێ ژیانی سیاسی بگرێتەوە و، كۆتایی بە كێشە و ئاستەنگ و قەیرانەكانی ڕابردوو بێت.

مسعود بارزانی
13ی تشرینی یەكەمی 2022