چوارشەممە 8 نیسان 2020

پەیامێك لە سەرۆك بارزانییەوە



بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بەداخێكی زۆرەوە شەوی ڕابردوو لە ئەنجامی پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە و ڕووبەڕووبوونەوەی هێزی پێشمەرگە و تیرۆریستانی داعش لە سنووری شارۆچكەی كوڵەجۆ لە گەرمیان دوو پێشمەرگەی سەر بە لیوای پێنجی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە بە ناوەكانی ئیسماعیل فارس ڕەسووڵ و سووركێو حەمەڕەشید پاڕەزانی شەهید بوون.


پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی شەوی ڕابردووی كوڵەجۆ دەكەم و خودای مەزن سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت.


ئەم جۆرە پەلامارانە بەڵگەیەكی ڕوونە لەسەر ئەوەی كە تیرۆریستانی داعش خۆیان ڕێكخستووەتەوە و هەڕەشەیەكی بەردەوامن بۆ سەر ئاساییش و ژیانی هاووڵاتیان. هەر بۆیەش پێویستە لەناوبردن و ڕێشەكێشكردنی تیرۆر وەك ئەولەوییەتێكی سەرەكیی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق و هاوپەیمانان بمێنێتەوە.


مسعود بارزانی
8ـی 4ـی 2020