دووشەممە 24 ئەیلوول 2018

پەیامێك لە سەرۆك بارزانییەوە



بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

لەبارەی دیاریكردنی كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق، پێمان خۆش دەبوو ئەگەر لایەنە كوردستانییەكان پێكەوە لەسەر یەك كەس ڕێك كەوتبان بەڵام بەداخەوە ئەمە ڕووی نەدا. بۆ یەكلاییكردنەوەی ئەو بابەتەیش مەكتەبی سیاسیی پارتی منی سەرپشك كرد كە كەسێك دیاری بكەم بۆ كاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆككۆمار. بەهۆی توانایی و لێهاتوویی بە باشم زانی كە  بەڕێز د. فواد حوسێن بۆ ئەو پۆستە كاندید بكەم.

د. فواد حوسێن چ لە قۆناغی شۆڕشی ئەیلول و لە سەرۆكایەتیكردنی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و قۆناغەكانی تری ژیانی خۆی كەسێكی دڵسۆز و دەسپاك بووە و بڕوای تەواوم بە تواناكانی هەیە و قەناعەتیشم هەیە كە ئەركەكانی خۆی بە باشی جێبەجێ دەكات و لە پۆستی سەرۆكایەتیی كۆماردا هەم بۆ گەلی كوردستان و هەم بۆ عێراق و پێكهاتەكانی عێراق كەسێكی بەسوود و خەمخۆر دەبێ.

بەهەموو توانایەك پشتیوانی لە د. فواد حوسێن دەكەین و هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازین.

مسعود بارزانی

24ـی 9ـی 2018